دیاربەکر
ھاوسەرۆکی بەدەپە گۆلتەن کشاناک رایگەیاند: ئێمە وەکو بەدەپە ئاگاداری ناوەڕۆکی پاکێجی دیموکراتیزاسیون نین بۆیە ناتوانین ھیچ جۆرە روونکردنەوەیەک بە كەناڵەکانی راگەیاندن بدەین.
گۆلتەن کشاناک لەگەڵ چەند پەرلەمانتاری دیکەی بەدەپە بە مەبەستی بەشداری کردن لە دانیشتنی دادگا سەبارەت بە دۆزی کەجەکە سەردانی دیاربەکری کرد و رایگەیاند: بە ھۆی ئۆپەراسیونەکانی دژی کەجەکە ئیرادەی خەڵک خرایە زیندانەوە و ئەم ئۆپەراسیونانە کودەتایەکن لە دژی سیاسەتی دیموکراتیکی کورد.
کشاناک لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانی خۆیدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی کوردی کرد و گوتی: ئۆپەراسیونانەکانی دژی کەجەکە کە بە ھۆیانەوە زیاتر لە ٤ ساڵە ھاوکارانی ئێمە زیندانی کراون گەورەترین کۆسپی بەردەم چارەسەر کردنی پرسی کوردن و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە قۆناغی چارەسەری بە مانای رەخساندنی دەرفەت بۆ سیاسەتی دیموکراتیک، دابین کردنی ماف و ئازادییەکانی کۆمەڵگە و نیشاندانی رێگای چۆن بەکار ھێنانی ماف و ئازادییەکانە، بۆیە یەکەمین ھەنگاوی گونجاو بۆ پێشەوە بردنی ئەم قۆناغە کۆتایی ھێنان بە ئۆپەراسیونەکانی دژی کەجەکە و سەربەست کردنی گیراوانی دۆزی کەجەکە و وەلاوە نانی یاسای دژە تیرۆرە.
ئەو بەرپرسەی بەدەپە گوتی: داواکاری ئێمە بەرەو پێشەوە بردنی قۆناغی چارەسەرییە و ھەوڵدانەکانیان بۆ دیموکراتیک کردنی تورکیا و چارەسەری پرسی کوردە و سەبارەت بە پاکێجی دیموکراتیزاسیونی تورکیایش رایگەیاند: چۆنیەتی ئامادە کردنی ئەو پاکێجە لە دژی پیوانەکانی سیاسەتی دیموکراتیکە و حکومەت بیروڕای ھیچ کەسی وەرنەگرتووە و تەنیا بۆ خۆی گفتوگوی لە سەر ئەم پاکێجە کردوە، بۆیە ئێمە وەکو بەدەپە ئاگاداری ناوەڕۆکی ئەو پاکێجە نین و ناتوانین لەو بارەیەوە ھیچ جۆرە لێدوانێک بدەین.