ئەنقەرە
سەرۆکی گشتی ئاکپارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەر دەرگای ئەو ھۆڵەی کە کۆنگرەی یەکەمی نائاسایی پارتهكهی تێدا بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکەشی ئەو کەسانە کرد کە لە ژوورەوە جێگایان نەبووە و لە بەردەرگا بوون.
ئەردۆغان له قسهكانیدا گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات گۆڕینی جەوھەر و سیاسەت نییە، بەڵکو گۆڕینی ناوە. ئەمە بە ھیچ شێوەیەک ماڵئاوایی نییە، بەڵکو تەنیا فاتیحەیەکە و سەرەتا و دەستپێکردنێکی نوێیە. داواتان لێ دەکەم بەو جۆرە لەو گۆڕانکارییانە تێبگەن."
ئەردۆغان ههروهها گوتی: "لە سەرانسەری تورکیا نزیکەی ٤٠ ھەزار کەس بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرە ھاتوونهتە ئەنقەرە و ھاتنی ئێوەی بەڕێز نیشانەی ئەوەیە كه ھەموومان یەکین، یەکسانین، براین و ھەموومان پێکەوە تورکیاین."
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆنگرەی ئەمڕۆدا یەک لە کادرە لێھاتووەکانی ئاکپارتی و پەرلەمانتاری كۆنیا داود ئۆغڵو وەکو سەرۆکی گشتی ئاکپارتی دەستنیشان دەکرێ و ئاواتە خوازم بە پشتگیری ھەموو لایەک داودئۆغڵو سەرکەوتوو بێ. سبەینێ دوای رێوەڕەسمی سوێندخواردنم وەکو سەرکۆمار، داودئۆغڵو بە رەسمی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ رادەسپێرم و وا بزانم تا رۆژی ھەینیش کابینەی نوێ ئامادە دەبێ، داواتان لێدەکەم وا تێ نەگەن کە لێتان دادەبڕێم، تا ئەمڕۆ ھەمیشە وەکو سەرۆکی گشتی و سەرۆکوەزیران لەگهڵتان بوومە، بەڵام لەمەودوا وەکو سەرکۆمار لەگهڵتان دەبم.