Mehmet Tosun
16 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2022
ئەنقەرە - AA
تورکیا دوای دەستپێکردنی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا لە ٢٤ شوباتەوە، رۆژ لەدوای رۆژ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ چڕتر دەکاتەوە.
- پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەردۆغان لەگەڵ زێلێنسکی و پوتین
ئەردۆغان دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە بەیانی ٢٤ی شوباتدا لە کۆشکی کۆماریی، لووتکەیەکی ئەمنی لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرەکاندا ئەنجامدا.
دواتر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤڵۆدیمێر زێلینسکی ئەنجامدا. بۆ جاری دووەم لە ٢٦ی شوباتدا و بۆ جاری سییەمیش لە چواری ئاداردا ئەردۆغان پەیوەندی بە زێلێنسکی-یەوە کرد.
سەرکۆماری تورکیا لە شەشی ئاداردا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجامدا و، ئامادەیی تورکیای بۆ هەموو هاوکارییەک نیشاندا بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی رووسیا-ئۆکراینا.
- لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ سەرکردە و نوێنەری دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا
سەرکۆمار ئەردۆغان هەر لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، هەوڵێکی چڕی لە مەیدانی نێودەوڵەتییدا خستووەتەگەڕ و، لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ سەرکردە و نوێنەری دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و لە بارەی هەنگاوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، گفتوگۆیان کردووە.
لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆک ئەردۆغان لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ، سەرکۆماری ببێلاڕووس، ئالێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، مارک رووتە، سەرکۆماری نەمسا، ئهلێكساندهر ڤان دێر بێڵن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن، سەرکۆماری لیتوانیا، گیتاناس نەوسێدا، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جەستن ترودۆ، سەرکۆماری سڕبیا، ئالێکساندەر ڤوچیچ، سهرکۆماری مۆڵدۆڤا، مایا ساندو، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، و سهرۆكی ئهنجوومهنی یهكێتیی ئهورووپا، چارلز میشێل دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا.
- لە چوارچێوەی كۆڕبهندی دیپلۆماتی ئانتاڵیا لەگەڵ ١١ سەرکردە کۆبووەوە
تورکیا بە نێوهندگیریکردنی وهزیرانی دهرهوهی رووسیا و ئۆكراینا لەمیانی كۆڕبهندی دیپلۆماتی ئانتاڵیا له پارێزگای ئانتاڵیا باشووری خۆرئاوای تورکیا کە لە ١٣ی ئادار بهڕێوهچوو هەنگاوێکی دیپلۆماتی گرنگی نا.
لهمیانی کۆبوونەوەی سێقۆڵی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا- ئۆکراینا-تورکیا، راگرتنی شهڕ و پێكدادانهكان و راگهیاندنی ئاگربهستی یهكجارهكی تاوتوێکرا.
سەرکۆمار ئەردۆغان لە چوارچێوەی كۆڕبهندەکدا لەگەڵ ١١ سەرکردە کۆبووەوە.
- سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستاییشی تورکیای کرد لە بەرامبەر هەوڵە دیپلۆماتییەکانی
لەمیانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتیرێس هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی رووسیا و ئۆکراینا و دوا پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرد. گوتیرێس لە بەرامبەر هەوڵە دیپلۆماتییەکانی ستایشی تورکیا کرد.
- سەرکۆماری پۆڵەندا دودا، پێنجەم سەرکردەیە لەناو ئەو سەرکردانەی لەماوەی هەشت رۆژی رابردوودا سەردانی تورکیایان کرد
سەرکۆمار ئەردۆغان، هەفتەی رابردوو پێشوازی لە سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میچۆتاکیس و راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز کرد و لەمیانی ئەو کۆبوونەوانەی ئەنجامیدان تاوتوێی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رووسیا و ئۆکراینای کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان، ئەمڕۆش لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرکۆماری پۆڵەندا، ئادرێژ دودا کۆدەبێتەوە.
- سەردانی چاوشئۆغڵو بۆ رووسیا، ئاکار بۆ بەلجیکا
سەرکردەکانی وڵاتانی ناتۆ هەفتەی داهاتوو لە بڕۆکسل بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دواین پێشهاتەکانی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا کۆدەبنەوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند ٢٤ی ئادار لە بارەگای گشتیی ناتۆ لە بڕۆکسل لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی ناتۆ بەڕێوە دەچێت. چاوەڕوان دەکرێت سەرکۆمار ئەردۆغان-یش بەشداری لە کۆبونەوەکەدا بکات.