Islam Doğru
03 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2023
نیویۆرک – AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە کۆبوونەوەی چوارقۆڵی نێوان تورکیا، رووسیا، سووریا و ئێران لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیری دەرەوە لە ٣-٤ی نیسان لە مۆسکۆ ئەنجام دەدرێت.
مەولود چاوشئۆغڵو کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە دانیشتنی رۆژی تایبەتی "پاشماوە سفر"ی نێودەوڵەتی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، سەردانی نیویۆرکی کردووە لە تورکئەڤی لەبارەی پێشهاتەکانی سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ میدیاکارانی تورک دوا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتدا، رووسیا زۆر هاوکاری وڵاتەکەی کردووە و سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لە رێککەوتی ٦-٧ی نیسان سەردانی تورکیا دەکات و لە میانی دیدار و کۆبوونەوەکاندا، جگە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها بەشێوەیەکی بەرفراوان زۆر بابەتی گرنگی وەک رەوشی سووریا و لیبیا و رێککەوتنی رەوانەکردنی دانەوێڵە تاوتوێ دەکرێت.
مەولود چاوشئۆغڵو سەرنجی خستە سەر ئەوەی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی نێوان تورکیا، رووسیا، سووریا و ئێران لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیری دەرەوە لە ٣-٤ی نیسان لە مۆسکۆ ئەنجام دەدرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و میسر لەم ماوەیەی دواییدا خێرایی بەخۆیەوە بینیووە، باسی لەوەیش کرد کە دوای بوومەلەرزەکان کەشێکی گونجاو رەخساوە لە پەیوەندییەکاندا لەگەڵ یۆناندا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەیش کرد کە مەزەندەی ئەوە دەکەن بابەتی رادەستکردنی فڕۆکەی F-16 لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا ئەنجامی باشی هەبێت.
مەولود چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەو هێلیکۆپتەرانەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بەڕێکەوتن و لە باکووری عێراق کەوتنە خوارەوە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکەیان دەگواستەوە، گوتی: "ئەمریکا نایشارێتەوە کە هەموو جۆرە هاوکارییەکی یەپەگە/پەکەکە دەکات لە سووریا هەر لە پێدانی چەک و پێداویستی سەربازییەوە بگرە تاکوو دەگاتە مەشق و راهێنان. بۆ ئەمەیش بەرەنگاربوونەوەی داعشی کردووەتە پاساو. گرنگە بزاندرێت ئەو هێلیکۆپتەرانە هی کێ بوون، کێ کڕیوونی، بۆ کێ تەرخان کراون و کێ بەکاری هێناون".
وەزیری دەرەوەی تورکیا بیری خستەوە کە دوای کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکان ئەمریکا پرسەنامەی بڵاو کردەوە.
مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی سەردانەکەی مانگی رابردووی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا بۆ سووریا کە لەلایەن ئەمریکاوە رایگەیەندرا "بە دڵنیایییەوە لەگەڵ ئەندامانی پەکەکە کۆنەبووەتەوە"، گوتی: "لەبارەی وێنە و بەڵگەکانیشەوە پێمانوایە ئەندامانی یەپەگە بۆ ئەوەی رەوایەتی بە خۆیان بدەن دەرفەتەکەیان قۆستووەتەوە و چوونەتە لای، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە داخۆ سەربازانی ئەمریکا لەوێ چی دەکەن و بۆچی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا سەردانی ئەو سەربازانە دەکات کە مەشق و راهێنان بە ئەندامانی پەکەکە دەکەن".