Rawan Subhi Obaidullah
20 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2023
دهۆک - AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی تەرمی ئەو پێنج هاووڵاتییەی خه‌ڵكى پارێزگای دهۆک كه لە رێگای ئارتوکڵو-نسێبین لە پارێزگای ماردین لە تورکیا کوژران، لە رێگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە گەڕێندرانەوە بۆ دهۆک و له زێدى خۆيان به خاک سپێردران.
لە ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تیی ئیبراهیم خه‌لیل له لايه‌ن پارێزگارى دهۆک، د.عه‌لى ته‌ته‌ر و سهرپهرشتىای ئيداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆ، گوهدار شێخ‌و و ژمارەیەک لە بەرپرسانەوە پێشوازيی لە تەرمەکان كرا و دواتر له دوو گۆڕستانی سنووری پارێزگای دهۆک بەخاکسپێردران.
بەرەبەیانی رۆژی ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لە ناوچەی یەنیکۆی رێگای ئارتوکڵو-نسێبین لە پارێزگای ماردین، لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکی نەناسراوەوە، هێرشی چەکداریی کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆکەی پارێزگای دهۆک بوو.
لە پەلامارەکەدا سێ کەسی ناو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستدا کە بریتی بوون لە؛ هەندرێن عەبدوڵڵا ساڵح (٣٩ ساڵان)، واحیدە حەیدەر جاسم (٦٣ ساڵان)، عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا (٦٩ ساڵان)، دوو کەسی دیکەش بە ناوه‌كانی چیمەن شاهین خالید (٧٥ ساڵان) و ئەحمەد جەلالەددین ئیبراهیم (٤٥ ساڵان) برینداربوون.
تیمەکانی تەندروستیی بریندارەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی نسێبین و سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، یەکێک لە بریندارەکان کە چیمەن شاهین خالید (٧٥ ساڵان) بوو، گیانی لەدەست دا.
ئەحمەد جەلالەددین ئیبراهیم کە برینداری پەلامارەکە بوو و برینەکەی سەخت بوو، لە نەخۆشخانەی گشتیی میدیات دوای چارەسەری بەرایی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فەتحی ساکین شاهیر لە ئەلعەزیز.
بەڵام جەلەلاددین ئیبراهیم، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و بەمەش لەو رووداوەدا ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەوە بۆ پێنج کەس.
هەوار جەلالەددین، کە دایک و برایەکی لەو رووداوەدا کوژراون، له گۆرستانى شێلادزێ سه‌ر به قه‌زاى ئامێدى قسەی بۆ ئاژانسى ئانادۆلو کرد و گوتی: "دايک و برام بۆ چاره‌سه‌ركردنى نهخوشهكهيان چووبوونه توركيا، دهيانویست بچنه دياربه‌كر، ته‌نها بۆ شه‌وێک و دوو شه‌و چوو بوون، چونكه نهخوشهكهيان سه‌خت نه‌بوو، وه‌ک چارهسهريیەک بوو، له‌گه‌ڵ خێزانێكى ناسیاومان له دهۆكه‌وه بۆ توركيا بهڕكهوتوون، پێنج كه‌س بوون لە ناو ئۆتۆمبێلێكدا، له كاتژمێر ١١ی شه‌و له خواردنگەیەکی نسێبین نانێكيان خواردووه، دوای ئه‌وه‌ى له‌وێ به‌رێكه‌وتوون ئۆتۆمبێل چووه‌ته سه‌ر رێگايان و فشاريان لێ كردووه كه بوه‌ستن و پێيان گوتووه له ئۆتۆمبێل بێنه خوارەوە و به فيشه‌ك له سهڕيان داوە، برينى برايهكهم مه‌لا ئه‌حمه‌د زۆر زۆر سه‌خت بووه، فيشه‌كيان له سه‌رى داوه، تووشى خوێن به‌ربوون بووه داوى رۆژێكيش له مانه‌وه‌ى له نه‌خوشخانه گيانى سپارد، تاكو ئێستاش ئێمه نازانين مهراميان چى بووه له كوشتنيان، بێگومان ديار ده‌بێت، داواكارييم له وڵاتى توركيا ئه‌وه‌يه راستییەكانی ئەو رووداوە ئاشكرا بكرێن و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزرێنەوە و دانپێدانيان بڵاو بكه‌نه‌وه و بە سزای خۆیان بگەن، هه‌ر چه‌نده قوربانييهكانمان بۆمان نه‌گه‌رێننه‌وه به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى ببنه عيبره‌ت و كه‌سى تر نه‌توانێت له توركيا كارى وا قێزه‌وه‌ن ئه‌نجام بدات".