ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا و گوتەبێژی حکومەتی تورکیا بولەند ئارنچ دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بێجگە لە تورکیا ھەموو کەس دەڵێ کوردستان.
ئارنچ لە بارەی دەرکردنی لێبووردنی گشتی گوتی: "ھاوڕێیان لێدوانەکانی سەرۆکوەزیران زۆر روون و ئاشکرا بوون، نەک تەنیا دیاربەکر بەڵکو ھەموو دونیا گوێی لە قسەکانی ئەردۆغان بوو. گوتارەکەی پێشتر نووسرابوو. ئەگەر سەیری ناوەڕۆکی ئەو گوتارە بکەین بۆمان دەردەکەوێ بە ھیچ شێوەیەک باس لە لێبووردنی گشتی نەکراوە. ئەمڕۆ حکومەت ھیچ بەرنامەیەکی نییە بۆ لێبووردنی گشتی. ئەو لێدوانەی سەرۆکوەزیران چوارچێوەیەکی گشتی بۆ داھاتوو دەستنیشان دەکا. ئەگەر خوا گەورە دەرفەتمان پێ بدا کارنامەیەکی بەو جۆرەمان بۆ داھاتووی تورکیا ھەیە. دەمانەوێ لە تورکیای داھاتوو کەس لە نێو گرتووخانەدا نەبێ، کەس لە سەر چیاکان نەبێ، ئاشتی و ئارامی باڵ بە سەر وڵاتدا بکێشی، ئازادی تورکیا بە باوەش بگرێ، ھەموو قەدەغەکارییەکان ھەڵبوەشێنرێنەوە. ناوەڕۆکی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران لە دیاربەکر ھەر ئەمەیە و ھیچی دیکە."
ئارنج لەبارەی دیداری دیاربەکر گوتی: "ئەو میوانە بەڕێزانەی ھاتبوون و ئەو خەڵکەی کە لەوێ بوون، داوایان کرد فرمێسک رژاندن بەس بێ، دایکان نەگرین، چی دیکە کەس لە ماڵ و وڵاتی خۆی نە ٣٧ ساڵ بەڵکو بۆ ٣٧ رۆژیش دوور نەخرێتەوە، نابێ لەو مژدە خۆش و بەنرخانە وای نیشان بدەین ئەمڕۆ یا سبەی لێبووردنی گشتی دەردەکرێ و ھەموو کەس ئازاد دەکرێ، ھەر چەند بەشێکی زۆری میدیای تورکیا بەو جۆرە لەو قسە بەنرخانە تێگەیشتوون، بەڵام ئەو تێگەیشتنە بۆ تورکیای ئەمڕۆ نییە بەڵکو بۆ داھاتووی تورکیایە. ئەوەی گرتووخانەکانی تورکیا چۆڵ بکا، ئێمە نین و حکومەتی تورکیایش نییە، دەسەڵاتی دادوەری تورکیایە، پێشگرتن لە رۆیشتنی گەنجان بۆ چیا و شت گەلی دیکەی بەوجۆرە ھەموویان پەیوەندییان بە ئەنجام و سەرکەوتووبوونی قۆناغی چارەسەرەوە ھەیە. ئەگەر رۆژێکبێ کە تیرۆر، توندوتیژیی نەمێنێ و چەک بێدەنگ بکرێ، ئەوا ئەو کات ئێمە دەتوانین تورکیایەکی بەو جۆرە بنیات بنێین."
لە بارەی رەنگدانەوەی لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە دیاربەکر ئارنچ گوتی: "مارتین لوتەر کینگ قسەیەکی ناوداری ھەیە دەڵێ: خەیاڵێکم ھەیە، ئەو قسەیە نە تەنیا بۆ ئەمریکا، بەڵکو بۆ ھەموو جیھان گرنگە. ئێمەیش بۆ تورکیا خەیاڵ و ئاواتمان ھەیە، خەیاڵی ئێمە بۆ تورکیایەکی نوێ ھەیە بۆیە ناکرێ وا بیر بکەینەوە کە بە یەکخستنی دوو رستە لێبووردنی گشتی دەردەکرێ، پێویستە سەیری تابلۆ گەورەکە بکەین، سەیری ئەو رەوشەی ئێستای تورکیا بکەین کەسێک دوای ٢١ ساڵ سەردانی دیاربەکری کردەوە و کەسێکی دیکە دوای ٣٧ ساڵ گەڕایەوە بۆ دیاربەکر چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسکی خۆشی و چاوی ھەموو کەسی پڕ کرد لە فرمێسک، شانسی ئێمە بێجگە لە ئاشتی و پێکەوە ژیان لەھیچ شتێکی دیکەدا نییە."
لە بارەی بەکار ھێنانی وشەی کوردستان لە لایەن سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە دیاربەکر، ئارنچ گوتی: "بێجگە لە ئێمە ھەموو کەس وشەی کوردستان بەکار دێنێ. بۆ دەڵێن کوردستان؟ چونکە لە دەستووری عێراقی فیدراڵ و لە نێو دەستووری خۆیاندا ناویان کوردستانە بۆیە ئەگەر بڵێ کوردستان شتێکی تازە نەگوتراوە یا شتێکی نوێ کەشفنەکراوە. ئەو وڵاتە، ئەو سیستمە و ئەو رژێمە ناوی ئەوەیە، دەبا یەکێ لە شوێنێک ناوی کوردستانی بەکار ھێنابا، لە وڵاتی ئێمە ئەوانەی کە باسی ئەو جۆرە شتانە دەکەن مەبەستیان لە ناوچەیەکی جوگرافییە ئەمە لە کاتێکدا لە سیستم و لە دەستووری تورکیا شتێکی بەو جۆرە بوونی نییە، سەرۆکوەزیرانی تورکیا زۆر بە بوێرانە وشەی کوردستانی بەکار ھێنا.