Muhammet Ali Kemal
03 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2017
دیاربەکر- AA
راهێنەرێکی ئۆکراینی بەناوی ئالیۆنا بەدرەنیوک، 15 ساڵ لەمەوبەر لە رێگەی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرێتی دێتە دیاربەکر، ئەو لەئێستادا شارەکەی زۆر خۆشدەوێت و نایەوێت هەرگیز جێیبهێڵێت.
دوای ئەوەی چەندین ساڵ لەمەوبەر بەمەبەستی بەسەربردنی پشوو، دێتە ئانتاڵیا، ئالیۆنا لەگەڵ دانیشتوویەکی دیاربەکردا بەناوی عومەر ئیلەری بەیەکتر ئاشنا دەبن و دوای ساڵێک لە ناسینی یەکتر و دەزگیرانداریی، ژیانی هاوسەرێتی پێک دەهێنن.
ئالیۆنا لەئێستادا تەمەنی 37 ساڵە و خاوەنی چوار منداڵە، لە دیاربەکر دەژی و لە هۆڵێکی وەرزشیی شارەکەدا کاری راهێنەرایەتی دەکات.
ئەو بەهۆی شێوازی قسەکردنی بە تورکی و دەمبەخەندەییەکەیەوە، بە ''خورەمی دیاربەکر'' ناودەبرێت.
- ''دیاربەکر لە ئۆکراینا خۆشترە''
ئالیۆنا بەشێوەیەکی باش فێری زمانی تورکی بووە و لە زازایی تێدەگات و دەتوانێت کەمێک بە کرمانجی قسە بکات، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: ''کە هاتمە ئێرە تووشی سەرسووڕمان بووم، ئەوەم بینی کە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەورووپادا. دیاربەکر لە ئۆکراینا خۆشترە. شوێنی من ئۆکراینا نییە بەڵکو تورکیایە. حەزناکەم ئەم شارە و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا جێبهێڵم. هەموو ساڵێک دەگەڕێمەوە وڵاتەکەم و سەردانی خانەوادەکەم لە ئۆکراینا دەکەم. کە دەچمەوە ئەوێ، ئەوەندە بیری ئێرە دەکەم کە دێمەوە، لەخواردنەوەی ئاوی کانییەکان تێر نابم''.