Feride Pelin İnal,Ramal Abdullah Mahmood
22 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2018
عەنتاب - AA
جۆرە چێشتێکی نوێ لە عەنتاب کە لە دانخاڤ (چیغ کۆفتە) و فستەق دروست دەکرێت خواستی زۆری لەسەرە.
عەنتاب کە بە جۆری خواردن و چێشتەکانی لەلایەن یونسکۆوە خراوەتە لیستی ئەو شارانەی خواردنی بەتام و چێژ بەرهەم دەهێنن، بە جۆرە چێشتێکی نوێ سەرنجی خەڵک بۆ خۆی رادەکێشێ.
وەستای دانخاڤ یەشار یڵماز کە ٤٠ ساڵە ئەم کاریەتی، کە چەندین جۆری چێشتی هەر لە خواردنەکانی ناو مەنجەڵەوە تا دەگاتە جۆرەکانی کەباب ئامادە کردووە، جۆرە چێشتێکی نوێی بە ناوی "دانخاڤ بە فستەقی کاڵ" داهێناوە.
یڵماز دوای چەند کاتژمێر لە شێلانی هەویری دانخاڤ بەشێوەی کوبە ئامادەی دەکات و ناوەکەی پڕ دەکات لە فستەقی خاو و دواتر دانخاڤەکانیش لە فستەق هەڵدەکێشێ و پێشکەشی میوانانی خواردنگەکەی دەکات.
وەستا یەشار یڵمازی تەمەن ٥٨ ساڵ بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەو کارەی لە باوکیەوە بۆ ماوەتەوە و لە وەتای بە بیری دێت هەر سەرقاڵی ئەو پیشەیەیە،، گوتی: "لە ئیستانبوڵ کارگەیەکی دانخاڤم کردەوە بەڵام دواتر گوتم پێویستە 'بە گۆشت نەیکەم' و دوو ساڵ لەمەوبەر گەڕامەوە عەنتاب و ئەو خواردنگەیەم کردەوە".
یڵماز ئاماژەی بەوە دا کە هەوڵ دەدات پێداویستی سرووشتی لە کارەکەیدا بەکار بهێنێت، گوتی: "دانخاڤەکە لەگەڵ زەیتی زەیتونی سرووشتی و گوێز دەشێڵم. ١٤ جۆرە بەهاران بەکاردەهێنم. دواتر ناو دانخاڤەکە وەک کوبە دەکۆڵم و پڕی دەکەم لە فستەقی خاو. دواتر لە فستەقی هەڵدەکێشم و پێشکەشی میوانانی دەکەم . یەک دانەی بە ١٥ لیرەیە و لە نێو هەر دانەیەکیان ٧٠ گرام فستەقی تیادایە. رۆژانە نزیکەی ٦٠ پۆرسیۆن لەو جۆرە دانخاڤە دەفرۆشرێت".
یڵماز تیشکی خستە سەر ئەوەی بەهۆی فستەقی زۆرەوە خەڵکی ئەو جۆرە خواردنەی زۆر پێخۆشە و لە سەدا ٧٥ی موشتەریەکانیشی بیانین، گوتی: "زیاتر لە یەک ملیۆن فانمان هەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی. ئەوەی بینینێ لە جێی خۆی تامی دەکات. لە عەنتاب دانخاڤ دەکەنە بابۆڵە و دەیخۆن. لەبەرئەمە نانی خڕکەڵە لە تەندور دەبرژێنین. دیسانەوە فستەقی تێ دەکەین و میوانمان بە گەرموگۆڵی دەیخۆن".