ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند کە خوازیارین کەرکوک بە پێکهاتەکانی ناو عێراقەوە ببێتە شارێکی نموونەیی لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە، ئاشکراشیکرد کە تورکیا تەنیا پشتگیری لە هەنگاوێک دەکا لە خزمەت ئاشتی و دۆستایەتی هەموولایەکدا بێ لە شارەکەدا.
لە دوای کۆبوونەوەی داودئۆغڵو لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بەرەی تورکمانی عێراق، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان رێکخست و تیایدا ئاشکرایانکرد کە لەسەر چوار پرسی گرنگ راوێژیان کردووە.
سەرەتا دادودئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە تورکمانەکان پێکهاتەیەکی سەرەکی عیراقن و گرنگیشە یەکڕیزی و تەبایی خۆیان بپارێزن.
داودئۆگڵو ئاماژەی بەوەشدا کە لە میانی کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ شاندی بەرەی تورکمانی عێراقی، باسیان لە وەستانەوەی دژبەیەکی مەزهەب و ئەتنیکە جیاوازەکان کردووە کە "چۆن دەبێتە هۆکاری بێزاربوون بۆ هەموولایەکیان."
باسی لەوەشکرد کە خوازیارن کەرکوک بە پێکهاتەکانی ناو عێراقەوە ببێتە شارێکی نموونەیی لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە، ئاشکراشیکرد کە تورکیا تەنیا پشتگیری لە هەنگاوێک دەکا لە خزمەت ئاشتی و دۆستایەتی هەموولایەکدا بێ لە شارەکەدا و رایگەیاند، "تورکیا بەردەوامیی بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان داوە."
دادودئۆغڵو ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و ئاشکرایکرد کە لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ بەرەی تورکمانی عێراقی هەڵسەنگاندنیان بۆ هەڵبژاردنەکان کردووە و هەستیان بەوە کردووە عێراق "پێویستی بە سەرەتایەکی نوێ هەیە."
لەبارەی دەنگۆی رەوانەکردنی سەربازانی ئێرانی بۆ کەرکوک، داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا ئەو پرسە یەکلایی نەبووەتەوە و هەواڵەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەشدا کە وەک دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکە بە ئاشکرا لەسەر هەموو پرسەکان گفتوگۆ دەکەن و رایگەیاند، "قۆناغەکە وادەخوازێ لە پێناو سەقامگیری عێراق دەبێ هەموو لایەک بە هەستیارییەوە مامەڵە بکەن."
ئاشکراشیکرد کە کەرکوک شارێکی گرنگ و هەستیارە و دەبێ زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ پرسەکەیدا بکرێ، هیواشی خواست پێشهاتەکانی ناوچەکە دۆخی کەرکوکیش نەگرێتەوە وئاماژەشی بەوە کرد کە لەوبارەیەوە لەگەڵ هەموو لایەکدا لە پەیوەندیدان.
لای خۆیەوە سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ئەرشەد ساڵحی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی لە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوانیش بەشێکی گرنگی ناوچەکەن و داوای کرد کە تورکمانەکانی عیراق و سوریا و فەڵەستین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، "وەک میللەتەکانی دیکەی ناوچەکە بە سەربەرزی لەو جوگرافیایەدا بژین."
ساڵحی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لەگەڵ کورد و عەرەب و شیعە و سونە و سەرجەم کەمینەکانی دیکەی ناو عێڕاق پێکەوە دەژین و چارەنووسی هەموویان یەکە، داواشی لە سەرجەم پارتەکانی ناو عێراق کرد کە "سەریان سوڕنەمێنی لە سەردانەکەی وەفدی بەرەی تورکمانی عێراق بۆ تورکیا، چونکە سەردانێکی زۆر ئاساییە"، گوتیشی: "دەبێ بەرەی تورکمانی عیراقی وەک پارتێکی سیاسی لەگەڵ هەموو کەس و لایەنەکان لە پەیوەندیدا بێ."
ساڵحی ئاماژەی بەو تەنگەژە ئاسایشییەکان کرد کە لەم ماوەیەی دواییدا عێراقی گرتووەتەوە و رایگەیاند کە دۆخی ئاسایشی تورکمانەکانیان لە ناوچەکانی تەلعەفەر و کەرکوک و موسڵ و دوزخورماتوو و دیالە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باس کردووە.