Ramal Mahmood
19 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2016
دیاربەکر - AA
لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنووری قەزاکانی لیجە، هازرۆ و کۆجاکۆی سەربە پارێزگای دیاربەکر، پێنج ئۆتۆمبێل کە بۆ بۆمبڕێژکردن ئامادەکرابوون، لەگەڵ شەش تۆن و ٩١ کیلۆگرام حەشیش و ١٠ هەزار بنەڕەگی رووەکی حەشیشە دەستیان بەسەردا گیرا.
پارێزگای دیاربەکر لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە ١٧ی ئەم مانگەوە بەمەبەستی کردنە ئامانجی تیرۆریستان و خاپوورکردنی پەناگە و کۆگا و لەناوبردنی سەرچاوەی ئابوورییان کە مادە بێهۆشکەرەکانن، بەسەرکەوتوویی ئەنجام درا.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە گوندەوارەکانی قەزای لیجە، پێنج ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەردا گیرا کە لەلایەن تیرۆریستیانی پەکەکە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بۆمبڕێژ بکرێن. هەروەها سێ بۆمبی دەستیش پوچەڵکرانەوە. دوو پەناگەی کاتی و حەشارگەیەکیش خاپوور کران. لەو حەشارگە و پەناگانەدا دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و پێداویستی لۆجیستیک و تەندرووستی و بڕێک تەقەمەنیدا گیرا.
لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سێ کەس دەستگیرکران کە داواکراو بوون بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان، هەروەها دەستیش گیراوە بەسەر ١٠ هەزار بنەڕەگی رووەکی حەشیشە، چوار تۆن و ٩٥١ کیلۆگرام حەشیشەی تەڕ و یەک تۆن و ١٤٠ کیلۆگرام حەشیشەی تۆز.