Mehmet Demirhan,Halil İbrahim Sincar,Aziz Aslan,Mehmet Sıddık Kaya,Abidin Yel
21 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2022
دیاربەکر/ماردین/شرنەخ-AA
لە پارێزگاکانی دیاربەکر، ماردین و شرنەخ پلەکانی گەرما کە هەندێک جار ٤٠ پلە تێپەڕدەکەن، کاریگەری نەرێنی دەکەنە سەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتی كەشناسییەوە دەستكەوتووە، پلەكانی گەرما لە ناوچەی باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا كە بەگشتی لە خوار ٤٠ پلەدایە، لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی هاویندا، بەرەو كۆتایی مانگی تەمووز بەڕێژەی ٤-٥ پلە زیادی كردووە.
بەرزترین پلەکانی گەرما لە ١٩ی تەمووز لە ناوچەکە لە شارۆچکەکانی جزیر (٤٤،٥ پلە) و سلۆپی (٤٤،٥ پلە) سەربە پارێزگای شرنەخ و لە شارۆچکەکانی نسێبین (٤٣،٢) و قزڵتەپە (٤٣،٤) سەربە پاریزگای ماردین تۆمارکرا.
پێشبینیش دەكرێت تا ٣١ی تەمووز، بەرزترین پلەكانی گەرما لە ناوچەكە لە دیاربەكر و باتمان لەنێوان ٣٦-٤١ پلە و لە جزیر ٤١-٤٦ پلە و لە سلۆپی ٤١-٤٤ پلە و لە قزڵتەپە ٤٠-٤٤ پلەدا بێت.
ئەوانەی کە زۆرترین کاریگەری گەرمیان لەسەرە ئەو کەسانەن کە لە دەرەوە کاردەکەن.
دەبینرێت لە کاتژمێرەکانی نێوان ١١:٠٠ بۆ ١٦:٠٠ لە هەندێك ناوەندی پارێزگا و قەزاکان، بەهۆی گەرمی بەتین و لەرادەبەدەر شەقام و كۆڵانەكان چۆڵن و هاووڵاتییان ناچنە دەرەوە.
گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی چاوەڕوانی کاتژمێرەکانی ئێوارە دەکەن بۆ ئەوەی سەردانی شوێنە مێژووییەکان بکەن.
- ماردین
کرێکارانی کشتوکاڵ لەو کەسانەن کە بەهۆی گەرمای بەتین و سووتێنەرەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
کرێکارانی باخچە و کێڵگەکانی قەزای قزڵتەپە بە درێژایی رۆژ لەژێر گەرمای سووتێنەردا کار دەکەن.
لە بەرامبەردا ئاژەڵداران، ئاژەڵەکانیان لە گەرما دەپارێزن بە دروستکردنی چەتر.
عەلی بۆزان کە بە کارکردن لە کێڵگە سەرقاڵە رایگەیاند کە لە بەیانییەوە تا ئێوارە کاری کردووە و گوتی: "ئێمە لە قزڵتەپە لەبەرهەتاو کار دەکەین، بەهۆی گەرمای زۆرەوە کارەکەمان زۆر سەخت بووە".
یەکێک لەو ژنانەی کە لە کێڵگەکاندا کاردەکات بە ناوی دەریا یاردم دەڵێت، ئەوان لەژێر خۆردا کاردەکەن و بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.
هەروەها گۆکچە ئایدن رایگەیاند کە ئەوان شەش خوشک و بران و لە پشووی هاویندا لەگەڵ دایکیان لە کێڵگەکەدا کاریان کردووە.
گۆکچە ئایدن روونی كردەوە كە كەسانێك هەبوون لەكاتی كاركردن لە كێڵگەكەدا بەهۆی گەرما بوورانەتەوە، ئاماژەی بەوەش كرد کە هەندێك جار بەرگەی ئەو گەرمایە ناگرن.
هەروەها ئەمین ئاتڵی کە لە کێڵگەکەیدا سەرقاڵی چاندنی سەوزەیە رایگەیاند کە سەرەڕای گەرما کار دەکەن و بەردەوامن لە بەرهەمهێنان.
- شرنەخ
لە شارۆچکەکانی سلۆپی و جزیر، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە، شەقام و کۆڵانەکان بە چۆڵی مانەوە، بەشێک لە دوکاندارەکان لە کاتی پشووی نیوەڕۆدا دوکانەکانیان دادەخەن و دەچن بۆ پشوودان.
خەڵکی جزیر کە بە رۆژ لە ماڵەکانیان دەرناچن، ئێوارە روو لە باخ و پارکەکانی نزیک رووباری دیجلە دەکەن.
- لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە هۆشداری دەدرێت
سەرۆکی بەشی پزیشکی دڵ لە زانکۆی دیجلە، پڕۆفیسۆر دکتۆر نیزامەددین تۆپڕاك باسی له دەکات كه كهشوههوای گهرم کاریگەری خراپ دەکاتە سەر ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە.
نیزامەددین تۆپڕاک ئاماژەی بەوە دا کە پلەی گەرمی لەشی مرۆڤ لە دەورووبەری ٣٦،٥ پلەدایە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئارەقکردن و گەورەبوونی خوێنبەرەکان روودەدات، گوتیشی: "کاتێک پلەی گەرمی زۆر بەرز دەبێتەوە و مرۆڤ گرنگی پێ نادات، هەندێک جار میکانیزمی بەرگریی لەش کاریگەری خراپی لەسەر دروست دەبێت و زیانێکی زۆر گەورە بە مرۆڤ دەگات کە رەنگە هەندێک جار ببێتە هۆی مردن. کەسانی بەساڵاچوو، ئەوانەی بەرزی فشاری خوێنیان هەیە و ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە پێویستە لە کەشوهەوای گەرمدا زۆر وریا بن".
پڕۆفیسۆر دکتۆر نیزامەددین تۆپڕاك ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە لە كەشوهەوای گەرمدا زۆر دڵ ماندوو نەكرێت و روونی كردەوە كە لەگەڵ بەرزبوونەی پلەکانی گەرما، دڵی مرۆڤ زیاتر دەست بە لێدان دەکات، گوتیشی: "لەم بارودۆخەدا دڵ پێویستی بەوەهەیە بەخێرایی خوێن لە جەستەدا بسووڕێنێتەوە، ئەم دۆخە بارگرانی لەسەر دڵ دروست دەکات کە رەنگە ئەگەر نەخۆشەكە گیرانی خوێنبەرەكان و سستبوونی دڵی هەبێت جەڵتەی دڵ رووبدات".
نیزامەددین تۆپراك وێڕای دەربڕینی ئەوەی كە پێویستە لە كەشوهەوای گەرمدا بڕێكی زۆر ئاو بخورێتەوە، گوتی: "پێویستە كڵاو و چاویلكە بەکار بهێنرێت، هەروەها جلوبەرگی لە لۆکە دروستکراو لەبەر بكرێت".