ئهنقهره
لە میانی بەشداری كردنی لە بەرنامەی راستەوخۆی" لۆپی پایتەخت Başkent Kulis "ی كەناڵ حەوتی توركیادا، جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا یاڵچن ئاكدۆغان، باسی لە رۆژەڤی توركیا كرد.
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی هەڵبژاردن و داواكاریەكانی خەڵكی، ئاكدۆغان ئاماژەی بەوە كرد كە ماوەیەكی دوورو درێژە ئاك پارتی لە مەیداندایە و پارتێك نییە كە تەنیا لە هەڵبژاردنەكاندا بێتە مەیدانەكان.
ئاكدۆغان باسی لەوە كرد كە ئاك پارتی نزیكەی مانگێك پێش ئێستا كەمپینی هەڵبژاردنی دەست پێكرد، لە كاتیكدا پارتەكانی دیكە لە مەیداندا نەبوون و گوتی: "هەندێ لە پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن ساڵی رابردوو خەڵكیان هێنایە سەر شەقامەكان، بەڵام ئێستا ئەو كەسانەی ئەو بانگەوازەیان كرد لە مەیدانەكاندا نابینرێن، بەڵكو كاتێك ئاك پارتی سەردانێك ئەنجام دەدات و گردبوونەوەی جەماوەری رێكدەخات بە جۆش و خرۆشەوە پیشوازی لێ دەكرێت".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا، كە ئایا چۆن خوێندنەوە دەكات بۆ جیاوازیەكان لەگەڵ هەدەپەدا لەبارەی قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی هەڵبژاردنەوە؟ ئاكدۆغان گوتی: "ئاك پارتی و هەدەپە لە رووی هزروبیر و ئایدۆلۆجیەوە دوو پارتی جیاوازن".
ئاكدۆغان چەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بەرامبەر هەدەپە لە بەرەنگاربوونەوەیەكی گەورەدان و گوتی: "ئەو بەرەنگاربوونەوەیە ئەمڕۆ دەستی پێ نەكردووە. من ساڵانێكە لەو بارەیەوە كتێب و وتار دەنووسم. ئەو كاتە بە منیان دەگوت زۆر توند رەخنە دەگریت. من تازە دەستم نەكردووە بە رەخنە گرتن لێیان. ئەو كۆبوونەوانەی من لەگەڵ شاندی هەدەپەدائەنجامم داوە.من وەزیری بەرپرسی یاسادانانم و ئەو كەسەم كە لەگەڵ هەموو پارتەكاندا كۆدەبمەوە. ئەركی منە لەسەر قۆناغی چارەسەری دیدار لەگەڵ پارتەكانی سیاسی ئەنجام بدەم. لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ هەدەپە كۆدەبمەوە. ئەو كۆبوونەوانەش كۆبوونەوەیەك نین كە قۆڵ بكەین بە قۆڵی یەكتریدا. بەڵكو كۆبوونەوەكان بەشێكن لە بەردەوامی قۆناغی چارەسەری بۆ كۆتایی هێنان بە دانانی چەكی پەكەكە. ئەو كۆبوونەوانە بەو واتایە نایەن كە ئێمە لەسەر هەموو شتیك قسەمان كردووە تیایاندا. من كاتێ لەگەڵیشیاندا كۆدەبمەوە هەمان رەخنەیان لێ دەگرم".
یاڵچن ئاكدۆغان گوتیشی: "من ئەمڕۆ هەدەپە وەك پرۆژەیەك دەبینم كە وەك پارت دەیخەنە هەڵبژاردنەوە. هەدەپە زۆری بۆ هاتووە، وەك پارت خراوەتە هەڵبژاردنەوە و هەندێ خواستی هەیە. لە پێش هەمووشیانەوە رووخانی ئاك پارتی. بەرامبەر ئاك پارتی بەرەیەك هەیە. ئەوەش لایەنی نێوخۆی و دەرەكی هەیە. دوای رووداوەكانی پاركی گێزی هەموو رێگایەكیان تاقی كردەوە".
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاكدۆغان، باسی لەوە كرد كە هەدەپە لەگەڵ ئەو زیهنیەتەی لە رابردوودا پارتەكانیانی دادەخست یەكی گرتووە و گوتی: "هەدەپە، بەكاردەهێنرێت بۆ جێبەجێ كردنی پرۆژەی رووخاندنی ئاك پارتی. هەدەپە بۆتە پارتێك لەلایەن زیهنیەتێكەوە بەكاردەهینرێت كە كێشەی كوردی دروست كرد. لەبەرئەوە لێرەدا دژە بیرێك لە ئارادایە. ئەوەش چاڵ بۆ خۆ هەڵكەندنە. ئەگەر ئەو بەرەیە بگات بە هیواكانی كێ قۆناغی چارەسەری بەڕێوە دەبات؟ ئەوە پرسیارێكی زۆر روونە. ئایا جەهەپەی نەتەوەپەرست، یان مەهەپە كە هەموو شتێك رەت دەكاتەوە؟ ئایا هەدەپە بە تەنیا دەتوانیت شتیك بكات؟ ئەوە هاوكێشەیەكی زۆر روونە".
ئاكدۆغان بانگەشەی ئەوەی كرد كە ئیستا هەدەپە لەگەڵ پێكهاتەیەكدا رێككەوتووە كە دوژمنی قۆناغی چارەسەریە و گوتی: "هەدەپە وەك پرۆژەیەكخرایە هەڵبژاردنەوە. كودەتاچیەكان، پاوەنخوازەكان و دوژمنانی قۆناغی چارەسەری هەوڵدەدەن بەهۆی هەدەپەوە بگەن بە شوێنیك. من هەوڵ دەدەم پرۆژەیەكی لەو شێوەیە سەركەوتوو نەبێت، چونكە ئەگەر سەركەوتوو بێت، دەگەڕیینەوە بۆ توركیای كۆن. خۆزگە هەدەپە بە تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكردایە و هاوپەیمانێتی لەو شێوەیەی نەكردایە، ئەو كات رەنگ بوو گوتەكانی واتایەكی هەبووایە".