Zana Natık Kerem
21 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ھێڵی بەستنەوەی کارەبای وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا کردەوە کە ماوەی ٢٠ ساڵ بوو دواکەوتووبوو.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سوودانی لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە و بە ئامادەبوونی وەزیری کارەبای عێراق، زیاد عەلی فازڵ ھێڵی بەستنەوەی کارەبای عێراق لەگەڵ تورکیا لە ڕێگای وێستگەی "کەسکێ" ڕۆژئاوای مووسڵ کردەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە بە کردنەوەی ھێڵی بەستنەوەی کارەبای عێراق لەگەڵ تورکیا، بە توانای ٣٠٠ مێگاوات بۆ دانیشتووانی ناوچەی باکووری عێراق دابین دەکرێت.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کردنەوەی پڕۆژەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی ھەوڵەکانی تیمەکانی سەربە وەزارەتی کارەبا بە تایبەتی کارمەندانی کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی کارەبای ناوچەی باکووری بەرزنرخاندووە بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٤وە ڕاگیرابوو.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دوای کارکردنی بەردەوام و بە لێکتێگەیشتن لەگەل لایەنی تورکیا، توانراوە ھێڵی بەستنەوەی کارەبای عێراق لەگەڵ تورکیا بکریتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ھەورەھا ئاماژەی بە گرنگی پڕۆژەکە کردووە کە دەگاتە تۆڕی تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا گوتوویەتی:"ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ وزەی داھاتوو کە لە چوارچێوەی ڕوانگەی بەرنامەی حکوومەتدا دێت بۆ بەستنەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ".
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، پڕۆژەكە بریتییە لە دروستکردنی وێستگەی گۆڕینی کەسکێ (٤٠٠ کەی ڤی) بە درێژیی ١١٥ کیلۆمەتر و ھێڵێ درێژکردنەوەی (١٣٢ کەی ڤی) تا دەگاتە تەلەعفەر.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە ڕێگای ئەم ھێڵەوە ٣٠٠ مێگاوات لە تورکیاوە بۆ عێراق دەگوازرێتەوە کە دواتر پێداویستی پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەددین و کەرکووک لە ڕووی کارەباوە دابین دەکرێت.