Mücahit Türetken
18 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2024
ئیستانبوڵ - AA
تەلارسازە بەناوبانگەکان لە لایەن تەلارساز، سینانی گەورە،ئێستاش لە ناوچە جیاوازەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی سەرنجی خەڵکی زۆر لەبارەی مێژوو و تەلارسازییەوە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.
تەلارساز سینانی گەورە، وەک یەکێک لە گەورە ئەندازیارانی تەلارسازی و بیناسازی لە سەر ئاستی جیهان هەژمار دەکرێت و بەرهەمە جۆراوجۆرەکان و تایبەتییەکانی لە ڕووی ئاڵۆزی ئەندازیاری و هونەری دیزاینەوە بووەتە جێی لێکۆڵینەوە و دەستخۆشی شارەزایان و قوتابیان و پسپۆڕانی ئەو بوارە.
سینانی گەورە لە ساڵی ١٤٩٠ لە گوندی ئاغیرناسی پارێزگای قەیسەری ناوەڕاستی تورکیا لە دایک بووە. ئەو سەردەمی سوڵتان سەلیم هاتووەتە ئیستانبوڵ و لە سەردەمی سوڵتان سولەیمان قانوونی لە پێکهاتەی سوپای یەنی چڕی دەستبەکار بووە. سینان لە ٩ی نیسانی ١٥٨٨ لە تەمەنی ٩٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەو لە جەنگە جۆراوجۆرەکانی سەردەمی سوڵتان سولەیمان وەک جەنگی بێلگراد لە ساڵی ١٥٢١ و جەنگی دوورگەی رودس لە ساڵی ١٥٢٢دا وەک هێزی یەنی چڕی بەشدار بوو.
سینانی گەورە لە میانی جەنگەکانی ١٥٣٢-١٥٣٥ لە نێوان دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی بە دروستکردنی چەندین کەشتی لەسەر دەریاچەی وان و فەرماندەییکردنی ئەوان، توانی زانیاریی گرنگ لەسەر هێزەکانی سەفەوی لە دەوروبەری دەریاچەی وان بە دەستبهێنێت.
ناوبراو دواتر لە ساڵی ١٥٣٨ لە جەنگی مۆڵداڤیا بە دروستکردنی پردێک لە ١٣ ڕۆژدا لەسەر ڕووباری پراوت لە مۆڵداڤیا، سەرنجی سوڵتان سەلیمی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و ناونیشانی ئەندازیاری پێدرا.
سینانی گەورە دیزاینی ٣٦٥ بەرهەم، ٩٢ شوێنی نوێژکردن، ٥٢ مزگەوت، ٥٥ قوتابخانە، حەوت حوجرە (دارولقوڕئان)، ٢٠ گۆڕ، ١٧ تەلار، سێ نەخۆشخانەی، شەش ڕێڕەوی ئاو، ١٠ پرد، ٢٠ میوانخانە، ٣٦ کۆشک، هەشت کۆگا و ٤٨ حەمامی کردووە کە هەموویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا بووە.
مەزاری سینانی گەورە لە کۆمەڵەی سولەیمانییە لە ناوچەی فاتحی ئیستانبوڵ هەڵکەوتووە. هەریەکە لە مزگەوتەکانی خوسرەویەی حەلەب و مزگەوتی شازادە لە ئیستانبوڵ، یەکەمین بەرهەمەکانی سینانی تەلارسازن.
سینانی گەورە هەروەها دیزاینی کۆمەڵێک لە ڕێڕەوەکانی ئاو، کانییەکان، کۆمەڵە و مزگەوتی جۆراوجۆر وەک ئیستانبوڵ، ئەدیرنە، ئەنقەرە، قەیسەری، ئەرزەڕووم، مانیسا، بۆلۆ، چووڕووم و کوتاهییە و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی وەک حەلەب و دیمەشق ئەنجام داوە. سینان لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا مزگەوتی سەلیمییە وەک شاکارێکی دیکەی خۆی لە شاری ئەدیرنە لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا دیزاین و بونیاد ناوە.
سینانی تەلارساز لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی خاوەنی ٣٦٥ بەرهەم لەوانەش ٢٠٠ی لە ئیستانبوڵ، ناوچەکانی دیکە هەبووە.
بەرهەمە گرنگەکانی تەلارسازی سینانی گەورە لە ئیستانبوڵ بریتین لە، کۆمەڵە کۆشکەکانی والیدە سوڵتان لە ئوسکودار، کۆشکی برایم پاشا لە گۆڕەپانی سوڵتان محەمەد، مەزارگەی بێشکتاش و منارەکانی ئایاسۆفیا.
کۆمەڵەی سولەیمانییە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی تەلارسازی سەردەمی عوسمانی، سەرەڕای هەموو بوومەلەرزەکان لە ئیستانبوڵ، زیانی بەرنەکەوتووە و مزگەوتی سەلیمییە لە ئەدیرنە وەک یەکێک لە بەرهەمەکانی دیاری مێژووی ئەندازیاری تورکی-ئیسلامی هەژمار دەکرێت.