Zana Natık Kerem
12 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی کارەکانی کۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئانتاڵیادا، لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا باسیان لە دەرفەتەکان و چۆنیەتی برەودان بە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا فراوانکردنی بوارەکانی ھاریکاریی ھاوبەش و پێشخستنی زیاتری جووڵەی بازرگانیی و ئابووریی کردووە.
راشیگەیاندووە کە دۆخی عێراق و تەحەدییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی لە عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکە بووە کە تیایدا ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگیی گەیشتنی ھێز و لایەنە عێراقییەکان بە لێکگەیشتنێکی ھاوبەش و دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسیی و پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی فیدراڵیی عێراق کە رەنگدانەوەی پێکھاتەکانی بێت.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە نێچیرڤان بارزانی دەربارەی پەیوەندییەکان و کێشەکانی ھەولێر-بەغدا، خواستی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیی کێشەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور دووپات کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە ھەردوولا دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی، شەڕی دژی تیرۆر و مەترسییە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کردووە و لەسەر گرنگیی کارکردن و ھەوڵی ھەمەلایەنە و نێودەوەڵەتیی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ھاوڕابوون.