Utku Şimşek
10 تشرینی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2025
ئەنقەرە - AA
لە ٨٧هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا، مستەفا کەمال ئەتاتورکدا، بە ڕێوڕەسمێکی دەوڵەتی لە مەزاری یادەوەری یادی کرایەوە.
ڕێوڕەسمەکەی مەزاری یادەوەری لە کاتژمێر ٠٨:٤٥ خولەکدا، بە ڕێپێوانی کاربەدەستانی دەوڵەت لە ڕێگای ئاسڵانڵی دەستیپێکرد.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوەچوو، هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمان، نوعمان کورتوڵموش و ئەندامانی کابینەی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل و سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی و سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی، موساوات دەرویشئۆغڵو و سەرۆکەکانی دەزگا باڵاکانی دادوەری و فەرماندەکانی سوپای تورکیا و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و بیرۆکراتەکان و کاربەدەستانی دیکەی دەوڵەت بەشداربوون.

سەرکۆمار ئەردۆغان، تاجە گوڵینەی لەسەر مەزاری ئەتاتورک دانا و، بە یاوەری کاربەدەستانی دەوڵەت لە کاتژمێر ٠٩:٠٥ خولەکدا کە کاتی کۆچی دوایی ئەتاتورکە، لەبەردەم مەزارەکەی ساتێک بە بێدەنگی وەستان، پاشان ئاڵای تورکیا تا نیوە داگیرا. دواتر سەرکۆمار ئەردۆغان و کاربەدەستانی دەوڵەت بەرەو بورجی میساقی میللی بەڕێکەوتن.

هاوکات سەرکۆمار ئەردۆغان، دەفتەری تایبەتی مەزاری یادەوەری واژوو کرد و، تیایدا نووسی: "ئەتاتورکی بەڕێز، لە ٨٧هەمین ساڵیادی کۆچی دواییتدا، یادی شکۆمەندی خۆت و هاوڕێیانت دەکەینەوە کە بەیەکەوە جەنگی سەربەخۆییمانتان بەڕێوەبرد و یادی ئەو شەهیدە قارەمانانە دەکەینەوە کە سەدان ساڵە خاکی نیشتمانیان بە خوێنی خۆیان ئاوداوە. بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خاوەنداری لە کۆماری تورکیا دەکەین کە بەگەورەترین بەرهەمی خۆتانی دادەنێن، بەردەوام دەبین لەنەخشاندنی هەموو بستێکی وڵاتەکەمان بە بەرهەمی نوێ. شەو و ڕۆژ کار دەکەین بۆ تورکیایەک کە لە ناوخۆدا ئارام و سەقامگیر بێت و لە دەرەوە ڕێزلێگیراو و سەرکەوتوو بێت. بە سەرکردایەتی کادرانی ئەمین و لێهاتوو، تورکیا بە هەنگاوی دڵنیاییەوە بەرەو هێزێکی جیهانیی دەچێت".