Utku Şimşek
21 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2024
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بڵاویکردەوە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی سنوورەکان بە باکووری عێراق و سووریاوە ئەنجامدراون، ٢٦ تیرۆریست لە چالاکی خراون.
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە لە بینای وەزارەتەکە سازی کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێداگرانە درێژەی هەیە.
زەکی ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی هەفتەی ڕابردوودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەتایبەتی پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە-یەپەگە، داعش و فەتۆ، ٢٦ تیرۆریست لە چالاکی خراون بە باکووری عێراق و سووریاشەوە، ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە تا ئەمڕۆ لەچالاکی خراون گەیشتووەتە ٦٠٨ تیرۆریست، لەوانەیش ٢٤٢یان لە باکووری عێراق و ٣٦٦یان لە باکووری سووریا بوون.
ئاکتورک ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ بەهۆی هەوڵی دزەکردن و هێرشی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز بۆ سەر بنکەیەکی ناوچەکە شەڕ و پێکدادان ڕوویداوە و، تیایدا سەربازێک شەهید بووە و چوار سەربازی دیکە برینداربوون، بەپێی ئامارە بەراییەکانیش شەش تیرۆریست لەچالاکی خراون.
زەکی ئاکتورک باسی لەوە کرد دوای هێرشەکە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی کراوەتە سەر ناوچەکانی مەتینا، زاپ، خواکورک، گارا و قەندیل لە باکووری عێراق و، ٣٩ ئامانج کە لە ئەشکەوت، پەناگە لەناوبران، کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز بەکارهێنراون و پێدەچێت تیرۆریستانی بەناو بەرپرسی باڵایان لەناودابووبێت.
گوتیشی: "تا ئەمڕۆ لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ ٨٥٤ تیرۆریست لەچالاکی خراون، دەستیشگیراوە بەسەر هەزار و ٩١٦ چەک و ٨٠٣ هەزار و ٢٤١ گوللەی جۆراوجۆردا، دوو هەزار و ٦٥٠ مین/بۆمبی دەستی دۆزراونەتەوە و لەناوبراون. ٩٠٠ ئەشکەوت/حەشارگە خابوورکراون".
هەروەها ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لەم هەفتەیەدا دوو تیرۆریستیی پەکەکە کە لە حەشارگەکانی باکووری عێراقەوە هەڵاتبوون، خۆیان ڕادەستی بنکەکانی سنوور کردووە لە خابوور و ڕایگەیاند: "تاکە ڕێگای دەرچوونی تیرۆریستان خۆڕادەستکردنە بە دادپەروەری تورک. سوپای تورکیامان پێداگرانە بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا ئەو کاتەی تیرۆریستانی خوێنڕێژ لەوە دەردەچن ببنە مەترسی و هەڕەشە بۆ وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان، هەرگیز پەلەقاژە نابێتە چارەسەر بۆ تیرۆریستان کە لە ترسدا دەژین".
زەکی ئاکتورک ئاماژەی بەوەشدا کە هەموو هەوڵەکان بۆ سەقامگیری لە سووریا و ئارامبوونەوە دۆخی ئەو وڵاتە و ئاساییبوونەوە و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ پەنابەرانی سووریایی تا بتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە و ڕایگەیاند: "لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ١٧٤ کەس دەستگیرکراون کە بەنیازبوون بە ڕێگەی نایاسایی سنوور ببەزێنن، لەوانەیش حەوتیان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بوون، ڕێگرییش کراوە لە دوو هەزار و ٣٩٣ کەس کە هەوڵیانداوە سنوور ببەزێنن و بێنە خاکی تورکیاوە.
ڕاشیگەیاند: "بەم شێوەیە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە یەکی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا هەوڵیانداوە بە ڕێگەی نایاسایی سنووری وڵات ببەزێنن دەستگیرکراون گەیشتووەتە هەزار و ٩٢١ کەس. ژمارەی ئەوانەشی پێش بەزاندنی سنوور ڕێگرییان لێکراوە گەیشتووەتە ٣٦ هەزار و ٨٤٠ کەس".