Utku Şimşek
02 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2024
ئەنقەرە ــ AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی ھەفتەی ڕابردوودا لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی سنوورەکان لە باکووری عێراق و سووریا ئەنجامدراون، ٤٣ تیرۆریست لە چالاکی خراون.
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە لە بینای وەزارەتەکە سازی کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێداگرانە درێژەی ھەیە.
زەکی ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە چوارچێوەی ستراتیجی لەناوبردنی تیرۆر لە سەرچاوەکەیدا بەشێوەیەکی بەردەوام و گشتگیر لە هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدراون ٤٣ تیرۆریست لەچالاکی خراون و، ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە تا ئەمڕۆ لەچالاکی خراون گەیشتووەتە ٨٤٥ تیرۆریست، لەوانەیش ٣٧٦یان لە باکووری عێراق و ٤٦٩یان لە باکووری سووریا بوون.
هەروەها ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ٣٦٤ کەس دەستگیرکراون کە بەنیازبوون بە ڕێگەی نایاسایی سنوور ببەزێنن، لەوانەیش نۆیان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بوون، ڕێگرییش کراوە لە دوو هەزار و ٢٦٤ کەس کە هەوڵیانداوە سنوور ببەزێنن و بێنە خاکی تورکیاوە.
ڕاشیگەیاند: "بەم شێوەیە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە یەکی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا هەوڵیانداوە بە ڕێگەی نایاسایی سنووری وڵات ببەزێنن دەستگیرکراون گەیشتووەتە سێ هەزار و ١٣٣ کەس. ژمارەی ئەوانەشی پێش بەزاندنی سنوور ڕێگرییان لێکراوە گەیشتووەتە ٥٠ هەزار و ٨٦٠ کەس. لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدراون، دەستگیراوە بەسەر زیاتر لە ٤٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا".