فیکری ئیشق، وەزیری پیشەسازی و تەکنۆلوژیی تورکیا دەڵێ: هێزێکی گەورە لە پشت گوێ هەڵخستنی تەلەفۆنی خەڵکە لە تورکیا.
ئیشق لە سەردانێکی بۆ بارەگای سەرەکی ئاژانسی ئانادۆڵو، لەسەر مژاری گوێ هەڵخستن بۆ تەلەفۆنی خەڵکی لە تورکیا گوتی: " لە تورکیا ھیچ رێکخراوێک بێ پشتگیریی ھێزێکی دەرەکی، ناتوانێ گوێ لە تەلەفۆنی بەرپرس و کاربەدەستانی حکومەت را بگرێ. ئەگەر رێکخراوێک هەبێ کە ئەو ئامێرەی داهێنابێ تا گێ بگرێ لە تەلەفۆنی خەڵکی،کەوابێ دز لە نێو ماڵماندایە. ئێستا ئەوەی گرنگە دەبێ بیدۆزینەوە چۆنچۆنی گوێیان گرتووە نەک کێ گوێی گرتووە."
سەبارەت بە تەلەفۆنی (کریپتۆ) کە بەرپرسانی باڵای حکومەتی تورکیا بەکاردەھێنن تا کەس نەتوانێ گوێ لە پەیوەندییەکانیان بگرێ. فیکری ئیشق گوتی: "دەزگای توێژینەوەی تەکنۆلۆژی و زانستیی تورکیا، تەلەفۆنی کریپتۆی تایبەت لە دژی سیخوڕی و گوێگرتن بەرھەمھێناوە، بەڵام هەندێک کەس هەن کە توانیویانە شتی لەوە گرنگتر پەیدا بکەن و گوێ هەڵخەن بۆ تەلەفۆنی بەرپرسانیش."