Orhan Onur Gemici
12 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو لەگەڵ وەزیری ناوخۆی لیبیا، خالید تیجانی مازن کۆبووەوە.
وەزیری ناوخۆی لیبیا کە لەنێو شاندی وڵاتەکەیدایە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانیی ئەو وڵاتە، عەبدولحەمید دیبەیبە کە بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوەی جۆراوجۆر سەردانی تورکیای کردووە، سەردانی وەزیری ناوخۆی تورکیا کرد لە بینای وەزارەتی ناوخۆ.
مازن لەلایەن سۆیڵوەوە پێشوازی لێکرا و پاشان دەفتەری شەرەفی واژووکرد.
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە میانی پێشوازیکردنی لە وەزیری ناوخۆی لیبیا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە سەردانی ناوبراو بۆ تورکیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەو ئەرکەی نوێیەیدا.
هاوکات سۆیڵو پیرۆزبایی دامەزراندنی حکوومەتی نوێی لیبیای کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
سۆیڵو ئاماژەی بەوە کرد کە باوەڕیان وایە کۆبوونەوەیەکی زۆر بنیاتنەر ئەنجام دەدەن.
لای خۆیەوە، وەزیری ناوخۆی لیبیا، ئاماژەی بەوە کرد کە دۆستایەتی نێوان تورکیا و لیبیا مێژوویەکی دێرینی هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە فەرماندەی گشتیی جەندرمەی تورکیا، لیوا عاریف چەتین و بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش، مەهمەت ئاکتاش و جێگری فەرماندەی ئاسایشی کەناردەریا، جەنەراڵ جەنگیز فیتۆز ئامادەبوون.
دوای وێنەگرتن، کۆبوونەوەکە بەداخراوی بەڕووی راگەیاندنەکاندا بەردەوام بوو.