Ramal Mahmood
11 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2016
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: ''ئێستا تورکیا، لە رۆژی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووز زۆر بەهێزتر و پێداگر و بەتواناترە. گەلەکەمان، پەیامێکی روونی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە ئیرادەی گەل بە هیچ دانانێن و دەیانەوێت بە کودەتا، تیرۆر و توندوتیژی وڵات بخەنە سەر چۆک و بیخەنە ژێر دەستی خۆیان. ئەو کەسانەی ئەو شتانەیان لەژێر سەردایە با ئیدی بزانن، لەبەرامبەریاندا سووپایەکی ٥٧٠ هەزار کەسی، و هێزی پۆلیسی ٢٦٠ هەزار کەسی و گەلێکی ٧٩ ملیۆن کەسی، بە گەورە و گچکەوە دەبیننەوە".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا پەیامی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربان، بڵاوکردەوە.
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا، لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە گەلی تورکیا، جیهانی ئیسلامی و تەواوی مرۆڤایەتی دەکات و هیوادارە ببێتە هۆی خێر و خۆشی.
سەرکۆماری تورکیا لە ئاماژەی بەوەکردووە دوو مانگ لەمەوبەر لە ١٥ی تەمووز رووبەڕووی ناپاکییەک بوونەوە کە لەمێژوودا وێنەی نەبووە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد تیرۆریستان جلوبەرگی سەربازییان پۆشیوە و بە تانک و فڕۆکە و هێلیکۆپتەری نیشتمان هێرشیان کردووەتە سەر وڵات و گەل.
ئەردۆغان تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی شەوی کودەتاکە، وڵات لە هەمان کاتدا دووچاری هەوڵی کودەتا و هێرشێکی تیرۆریستی گەورە و هەوڵێکی نهێنی داگیرکاریی بووەتەوە و رایگەیاندووە: "گەلەکەمان، لەکاتی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی تورکیا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچییەوە گیانی خۆی کردە قەڵغان و بەرامبەر تانک و فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانیان وەستایەوە. بەجۆرێکی وا قارەمانانە پێشی بەو هەوڵە گرت کە لە جیهاندا وێنەی کەمە. لەو باوەڕەدام مێژوو بە ئاوی زێر ئەو سەرکەوتنە دەنووسێتەوە کە بە شەهیدبوونی ٢٤١ کەس و برینداربوونی دوو هەزار و ١٩٤ کەس تۆمارکرا. جارێکی دیکە هیوادارم خوای گەورە لە شەهیدەکانمان خۆش بێت، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارانمان دەخوازم".
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوەکردووە ئەگەر شەوی ١٥ی تەمووز زۆر بە تاریکیش دەستیپێکردبێت، سپێدەی رۆژی ١٦ تەمووز بە هەمان ئەندازە رووناک بووە و گوتوویەتی''ئێستا تورکیا، لە رۆژی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووز زۆر بەهێزتر و پێداگر و بەتواناترە. گەلەکەمان، پەیامێکی روونی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە ئیرادەی گەل بە هیچ دانانێن و دەیانەوێت بە کودەتا، تیرۆر و توندوتیژی وڵات بخەنە سەر چۆک و بیخەنە ژێر دەستی خۆیان. ئەو کەسانەی ئەو شتانەیان لەژێر سەردایە با ئیدی بزانن، لەبەرامبەریاندا سووپایەکی ٥٧٠ هەزار کەسی، و هێزی پۆلیسی ٢٦٠ هەزار کەسی و گەلێکی ٧٩ ملیۆن کەسی، بە گەورە و گچکەوە دەبیننەوە. کە دیارترین نموونەی کۆبوونەوەی یەنیکاپی بوو لە ٧ی ئاب چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە تەواوی جیاوازیی تێڕوانین و بیروبۆچوونەکانیان ئەو رۆژە لەو مەیدانە پەیامی خۆیان بە گوێی جیهاندا دا".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا تورکیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ساڵی ٢٠٢٣، بەپێداگیرییەوە لەسەر رێگەی خۆی بەردەوام دەبێت و جەختی لەوەکردەوە ئامانجی دەوڵەت خزمەتکردنی نەوەکانی داهاتوو و جێبەجێکردنی پرۆژەکانییەتی بۆ داهاتوویەکی دوورمەودا.
ئەردۆغان ئاشکرایکرد تورکیا تەنها رووبەڕووی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش نابێتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و رێکخراوە خوێنڕێژەکانی وەکو داعش کە ئایین بەکاردێنن.
سەرکۆماری تورکیا سەرنجی راکێشا بۆ ئەوەی هەرچەند وا خۆیان پیشاندەدەن کە ئەو رێکخراوانە دوژمنی یەکترن بەڵام لەراستیدا پێکەوە دژی تورکیا دەجوڵێنەوە و گوتی:"ئاگادارین دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکە، پەکەکە لەناوچە سنوورییەکان هێرشەکانی چڕکردەوە. دیارە کە مەبەست لەو هێرشانە کۆسپ خستە بەردەم ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیایە لە سووریا، سەرەڕای زیانپێکەوتنی گەورە، پەکەکە بەردەوامە لە هێرشەکانی. ئازاری بەسوێی شەهیدانمان کە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە گیانیان لەدەستدا رۆحمان ئازار دەدات، بەڵام دڵنیابن لەوەی ناهێڵێن دڵۆپێک خوێنی سەرباز، پۆلیس، پارێزەرانی گوندمان بە فیڕۆ بڕوات. پەکەکە زیانی زۆر گەورە و جدی بەرکەوتووە و ئەو هێرشە خوێناویانەشی سەلمێنەری شکستەکانییەتی. ئیدی خەڵکی ناوچەکەش هەڵوێستی روون و راشکاویان هەیە دژی پەکەکە، تا دێت زیاتر پەکەکە تەنگەتاو دەبێت. بە هاوکاریی و هاریکاریی هێزە ئەمنییەکان و خوشک و براکانمان لە ناوچەکە پێداگرین لە رزگاربوونی تورکیا لەو بەڵایە. پەکەکەش وەک فەتۆ شانسی خۆڕاگری و مانەوەی نییە بەرامبەر توانای گەل و هێزی دەوڵەتەکەمان. هەمان چارەنووس چاوەڕێی باڵی سەربازیی پەکەکە لە سووریا پەیەدە و یەپەگە دەکات. خۆمان بەقەرزاری گەلەکەمان دەزانین کە داعش لە سووریا زۆری نەماوە لەناوی بەرین و لە تورکیاش لە چالاکیمان خستوون. ئۆپەراسیۆنی فوراتیش هەنگاوی یەکەمە. هەموو ئەو رێکخراوانەی دەبنە هەڕەشە لەسەر گەل و وڵات، جا هەر کێیان لە پشت بێت، ئێمە ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین بۆ لەناوبردنیان و کەسیش ناتوانێت رێگەمان لێبگرێت".
ئەردۆغان هیوای سەرکەوتنی بۆ تەواوی هێزە ئەمنییەکان خواستووە، کە لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و ئۆپەرسیۆنەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەرکیان پێسپێردراوە.