Aişe Hümeyra Bulovalı
19 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2021
ئیستانبوڵ- AA
ئاژانسی ئانادۆڵو، بەمەبەستی هاوکاریکردنی فۆتۆگرافەران، ماوەی حەوت ساڵە پێشانگای فۆتۆگرافی ئیستانبوڵ دەکاتەوە.
ئەمساڵیش پێشانگای فۆتۆگرافی ئیستانبوڵ ٢٠٢١ "Istanbul Photo Awards 2021"کرایەوە و تیایدا فۆتۆگرافەران لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە بەشدارییان کرد.
لە پێشانگاکەی ئەمساڵدا هەزار و ٢٠٦ فۆتۆگرافەر بە ١٤ هەزار و ٧٤٠ وێنە بەشداربوون.
لای خۆشیەوە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردن و بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو، شەنۆڵ کازانجی، ئەوەی ئاشکرا کرد کە دەستگەیشتن بەم ژمارە زۆرەی وێنەی فۆتۆگرافی لە قۆناغی پەتای کۆرۆنادا سەرکەوتنێکی گەورەیە و رایگەیاند: "ساڵی رابردوو کە پێشانگاکەمان کردەوە هێشتا پەتای کۆرۆنا بەشێوەیەکی کاریگەر بە جیهاندا بڵاونەبووبووەوە. بەڵام لە ماوەی ئەم ساڵەدا یەکێک لە خاڵەکانی وەرچەرخانی مێژووی مرۆڤایەتیمان بینی و تا ئێستاش ئەو قۆناغە بەردەوامە. لە وەها کاتێکدا پێشانگای فۆتۆگرافی ئیستانبوڵ ٢٠٢١ بەڕێوەچوو و بڕیاریشە داوەرە نێودەوڵەتییەکانی پێشانگاکە وێنە دەستەبژێرەکانی پێشانگاکە بەوردی هەڵبژێرن".
بڕیارە لیژنەی داوەری پێشانگاکە لە ٤-٦ی ئایار بەشێوەی ئۆنلاین کۆببێتەوە و لە ١١ی ئایاردا ناوی براوەکانی پێشانگاکە دیاری بکرێن.