Hemin Hüseyin
01 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2017
دهۆک - AA
بەرپرسانی هەرێم رەتی دەکەنەوە کە هیچ جۆرە جووڵەیەکی سەربازی لە سێگۆشەی نێوان هەرێمی کوردستان و سووریا و تورکیا هەبێت.
هاوشێوەی ئیبراهیم خەلیل لە ئێستادا هاتوچۆی هاووڵاتییان لە سنووری پێشخابوور لە هەرێمی کوردستان بەرەو سووریا ئاساییە و هیچ جووڵەیەکی سەربازی لەم ناوچەیە نابینرێت.
دوای ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا بە تایبەت لەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دواتریش دەنگۆی رادەستکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە بەغدا بە تایبەت دوای ئەوەی دوێنێ سوپا سالاری عێراق سەردانی سنووری ئیبراهیم خەلیلی کرد و بەرپرسانی ئەو دەروازیە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم سەردانە پەیوەندی بە رادەستکردنەوە نییە و هەواڵەکەیان رەتکردەوە.
لە رۆژانەی دواییدا دەنگۆی کردنەوەی سنوورێکی دیکە هەیە لەسەر سنووری تورکیا لەگەڵ عێراق کە بە گوتەی بەرپرسانی تورکیا مەبەست لێی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لەگەڵ لایەنی عێراقی و ئەو شوێنەش لە سنووری هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێوان گوندی قەڕەوڵای پێشخابوور و لە سنووری تورکیاش دەکەوێتە گوندی ئاڤاکۆی سەر بە سلۆپی.
پێشخابوور لە سێگۆشەیەکە کە رووباری دیجلە دەکەوێتە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی سووریا کە لە لای چەپی پێشخابوور گوندی خانیکی سەر بە پارێزگای حەسەکە هەیە و لە لای راستیش گوندی ئاڤاکۆی سەر بە سلۆپی هەیە و دەنگۆی دروستکردنی دەروازەیەکی سنووری لەوناوچەیەدا لە نێوان تورکیا و عێراقدا هەیە.