ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغڵو ئاشكرایكرد كه ھەماھەنگی لە نێوان توركیا و ھەرێمی كوردستاندا ھەیە بۆ رێگادان بۆ چوونی ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كۆبانێ.
چاوشئۆغڵو ههروهها ئاماژهی بهوه كرد كه بۆ پشتگیریكردن لە كۆبانێ ھاوكاری ھێزەكانی پیشمەرگە دەكەین بۆ چوونیان بۆ ئهو شارە و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆكانمان بەردەوامە."
وەزیری دەرەوەی توركیا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تونس و شاندەكەی، كۆنگرەیەكی ھاوبەشی رۆژنامهوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تونس مونجی حەمدی سازكرد.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وەزیری دەرەوەی توركیا سەبارەت بە ناردنی ھاوكاری سەبازی ئەمریكا بۆ كۆبانێ رایگەیاند توركیا دەرگای بۆ خهڵكی كۆبانێ كردۆتەوە و لە ئامێزی گرتوون.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بە بوونی 200 ھەزار كهس له خەڵكی كۆبانێ لە توركیا كرد و گوتی: "ھیچ كاتێك ئارەزووی ئەوەمان نەكردووە كە كۆبانێ بكەوێت و ناشمانەوێت بكەوێت. بۆ مانەوەی كۆبانێ توركیا ھەموو ھەوڵێكی خۆی وەگەرخستووە و ھاوكاری زۆری مرۆیی و تەندروستی كردوون. ھەموو یاساكانی ھاوپەیمانیمان جێبەجێ كرد ھەماھەنگییەكی تەواو لە نێوان ئێمە و ھاوپەیماناندا ھەیە."
وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بهوهش كرد كە توركیا دەیەوێت ناوچەكە بە تەواوی لە ھەڕاشە دووربخاتهوه بۆیە ھاوكارییە سەربازی و تەندروستییەكانی ئەمریكا بۆ كۆبانێ لە چوارچێوەیەدایه.
لە روونکردنەوەکەیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا چاوشۆغڵو گوتی: "لەگەڵ پەیەدە شەش بۆ حەوت گروپی دیکە ھەیە، ئەوان پێکەوە یەکینەیەکی سەربازیان پێکھێناوە، لەگەڵ ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ھەماھەنگیداین بۆ ھاوکاریكردنی کۆبانێ، ئێمەش ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە دەکەین بۆ چوونە ناوەوەیان بۆ کۆبانێ، لەو رووەوە ھەماھەنگی بەردەواممان دەبێت."
چاوشۆغڵو لە گوتەکانی ئاماژەی بە خواستی گەڕانەوەی پەنابەرانی کۆبانێ بۆ ناوچەکانی خۆیان کرد کە بەناچاری پەنایان بۆ تورکیا ھێناوە و گوتی: "بەدڵنیاییەوە لێرەدا ھەندێ خاڵ ھەیە کە پێویستە لهبهرچاوی بگرین. ئامانجی پەیەدە جیاوازە لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا و دەیەوێت ناوچەیەک کۆنتڕۆڵ بکات وەک داعش، پێمان وایە ئەو بیرکردنەوە و ئامانجانە ھەڕەشە بێ بۆ سەر داھاتووی سوریا، ئەگەر پەیەدە بەردەوام بێت لەسەر ئەو ھەڵوێستەی، ئەوا پشتیوانی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریاش وەرناگرێ، لێرەدا پێویستە پەیەدە و لایەنەکانی دیکە سیاسەتی خۆیان بگۆڕن و لەو ھەوڵوێستانەیان بکشێنەوە."
چاوشۆغڵو ھەروەھا گووتی: "لە لایەکی دیەکە ھەمیشە جەخت لەوه دهكهینهوه كه کێشەی راستەقینە لەبارەی گۆڕانکاریەکانی سوریا لهبیر نهكرێت، لەھەموو کاتێکدا دووپاتمانکردۆتەوە کە کێشەی راستەقینەی سوریا بەشار ئەسەدە، ھەروەھا نابێ لە بیری بکەین کە لە بەرامبەر داعش و ئەسەد تەنیا لایەنێک رووبەروویان دەبێتەوە ئەویش ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، لەو روەوە لەگەڵ ھاوپەیمانانمان ھاوراین لەسەر ھاوکاریکردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە شێوەیەکی گشتی."