Abdullah Shukur
13 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2018
لەندەن - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی رووداوی بێسەروشوێن بوونی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی و رێگەدان بە چوونی داواکاری گشتی و شارەزایانی تورکیا بۆ نێو کۆنسوڵخانەی سعوودیە لە شاری ئیستانبوڵ بەمەستی لێکۆڵینەوەی پێویست، رایگەیاند کە دەبێت سعوودیە لەمبارەیەوە ھەماھەنگ بێت. گوتیشی: "لەبارەی سەلامەتی لێکۆڵینەوەکان و ئاشکراکردنی ھەموو راستییەکان، تاکو ئێستا ھیچ ھەماھەنگییەکمان نەبینیووە، دەمانەوێت ھەماھەنگی ببینین".
چاوشئۆغڵو بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری لەندەن پایتەختی بەریتانیا، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و رایگەیاند کە لەمیانی سەردانەکەیدا ئەمڕۆ بەیانی بەشداری لە کۆبوونەوەیەک لە ژێر ناونیشانی "ئەورووپا لە گۆڕانکارییەکانی جیھان" کردووە.
مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا دەرفەتی ئەوەی ھەبووە ھەڵسەنگاندن بۆ دواپێشھاتەکانی ناوچەکە بکات و رۆژی دووشەممەی داھاتووش لەگەڵ ھاوتا بەریتانییەکەی کۆدەبێتەوە.
چاوشئۆغڵو لەبارەی رووداوی بێسەروشوێنبوونی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی رایگەیاند کە تورکیاش لەمبارەیەوە لێکۆڵینەوەی خۆی دەستپێکردووە. گوتیشی: "لەسەر داوای سعوودییەکان، لەبارەی پرسی پێکھێنانی گرووپێکی کاری ھاوبەش ھاوڕاین. بەڵام ئەم گرووپە بە مانای راگرتنی لێکۆڵینەوەکانی خۆمان نایەت. پێویستە ئەو پرسە ئاشکرا بکرێ".
مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: "لەبارەی سەلامەتی لێکۆڵینەوەکان و ئاشکراکردنی ھەموو راستییەکان، تاکو ئێستا ھیچ ھەماھەنگییەکمان نەبینیووە، دەمانەوێت ھەماھەنگی ببینین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ھەر لەمبارەیەوە گوتیشی: "بۆ ئەوەی داواکاری گشتی و شارەزایان بچنە ناو کۆنسوڵخانەی سعوودیە(لە ئیستانبوڵ)، پێویستە سعوودیە ھەماھەنگ بێت".