Ramal Mahmood
19 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2016
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، نومان کورتوڵموش، رایگەیاند: "پێم باشە ئەورووپییەکان لەبری ئەوەی پشتگیری چەند تیرۆریستێک و پشتیوانی تیرۆریستان بکەن، پشتگیری گەلی تورکیا بکەن کە ٨٠ ملیۆن کەسە. پێشنیار دەکەم هەرچی زووە واز لە پشتگیریکردنی تیرۆریستان بهێنن".
بەمەبەستی بەشداریکردن لە چەند چالاکییەکدا کورتوڵموش سەردانی شاری ئۆردوی کرد، لەکاتی سەردانیکردنی لقی ئۆردوی ئاک پارتی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێک لەبارەی لەکاردوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی سەربە هەدەپە و دانانی کەسانی دیکە لەجێگەیان بە سیستەمی قەییوم و دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە، کورتوڵموش گوتی: "ئەو دۆخەی رووبەرووی بووینەتەوە قۆناغێکی یاساییە. وەک دەزانن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران بەهۆی سکاڵانامەکانەوە گۆڕانکاری لە دەستووردا کرا. لە پەرلەمان بەهۆی رووداوەکانەوە مافی پارێزبەندی لە سەر پەرلەمانتارانی جەهەپە و مەهەپەش هەڵگیرا. بەمجۆرە لەبارەی دۆسیەی پەرلەمانتاران رێوشوێنی یاسایی گیرایە بەر. ئەم رێوشوێنانە هەر لەسەرەتاوە دەستوورین. لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی چووە بەردەم دادگا و لەبەردەم داواکاری گشتیی و گوتەی لێ وەرگیرا. هەروەها سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵوش لەبارەی دۆسیەکەیەوە پارێزەرەکەی نارد و گوتەی لێ وەرگیرا. هەروەها پەرلەمانتارانی دیکەی ئاک پارتی، جەهەپە و مەهەپەش چوونە بەردەم دادگا و لەبەردەم داواکاری گشتیی گوتەیان لێ وەرگیرا. ئەمە قۆناغێکی یاساییە. بەڵام بەداخەوە پەرلەمانتارانی هەدەپە خۆیان لەو رێوشوێنە یاساییە دزییەوە و نەچوون گوتەکانیان بدەن. لەبەر ئەمە هێزە ئەمنییەکان بڕیاری سەرۆکایەتییەکانی داواکاری گشتیییان جێبەجێ کرد و دەستکرا بە رێککارە یاساییەکان بەرامبەر پەرلەمانتارانی هەدەپە. لەو میانەیەدا ژمارەیەک پەرلەمانتار دەستبەسەر کران و ژمارەیەکی دیکەیشیان ئازاد کران. قۆناغە یاساییەکە لەچوارچێوەی سیستەمی یاسایی و دەستووری تورکیا بەردەوامە. هەموومان پێکەوە ئەنجامی ئەو قۆناغە دەبینین. ئێمە وەک سیاسییەکان هەر لەسەرەتاوە دەستمان وەرنەداوەتە ئەم قۆناغە. ئەمە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویستن لە چوارچێوەی دادگادا کە سەربەخۆیانە کاری خۆیان ئەنجام دەدن".
لەبارەی ئەو پەرلەمانتارانەی هەدەپە کە چوونەتە ئەورووپا کورتوڵموش تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەم هەڵوێستە ئێجگار هەڵەیە و دژی دیموکراسییەتە و باوەش کردنەوەیە بۆ دوژمنانی دیموکراسی و میوانداریکردنی دوژمنانی تورکیایە.
نومان کورتوڵموش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بابەتێکی روون و ئاشکرا لە ئارادایە، گوتی: "چەند پەرلەمانتاریک لە رێوشوێنی یاسایی تورکیا هەڵاتوون و رایانکردووە بۆ ئەورووپا. ئەگەر هەمان دۆخ بە پێچەوانەوە روویدابووایە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتانە لە قۆناغێکی یاساییدا لەبری چوونە بەردەم دادگا و وەرگرتنی گوتەکانیان هاتبانە تورکیا و بەشێوەیەکی فەرمی تورکیا میوانداری کردبووان و بیانی پاراستبووایە. لەو رەوشەدا چ هەستییان دەبوو، ئێمەش هەمان هەستمان هەیە. ئەوە قبوڵ ناکرێت. ئەوە دیموکراتییەت نییە. چونکە ئەوان داکۆکی لە دیموکراسی ناکەن. بە راشکاوی دەڵێین با دۆستە ئەورووپییەکانمان پشتگیری ئەو پەرلەمانتارانە نەکەن کە پشتگیریکاری تیرۆرن. ئەمە سەلمێنەری دۆستایەتی نییە بۆ گەلی تورکیا. دۆستایەتی گەلی تورکیا و لەگەڵ گەلی وڵاتە ئەورووپییە هاوپەیمانەکانمان بەردەوام دەبێت. پێم باشە ئەورووپییەکان لەبری ئەوەی پشتگیری چەند تیرۆریستێک و پشتیوانی تیرۆریستان بکەن، پشتگیری گەلی تورکیا بکەن کە ٨٠ ملیۆن کەسە. پێشنیار دەکەم هەرچی زووە واز لە پشتگیریکردنی تیرۆریستان بهێنن".