Kemal Karadağ,Ali Kemal Akan
17 حوزەیران 2025•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2025
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش ڕایگەیاند: "بوونی حکوومەتی ئیسرائیل کە دەیەوێت لە هەموو کێشەیەکدا کارەکان بە ستەم و کۆمەڵکوژی چارەسەر بکات نەک بە گفتوگۆ، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ئاشتیی جیهان. ئەمە جێگەی قبوڵ نییە".
نوعمان کورتوڵموش پێشوازی لە سەرۆکی پەرلەمانی جۆرجیا، شالڤا پاپواشڤیلی کرد کە بە سەردانێکی فەڕمی لە تورکیایە.
کورتولموش و پاپواشڤیلی لەبەردەم ئاڵاکانی تورکیا و جۆرجیادا تەوقەیان کرد و، کۆبوونەوەی دووقۆڵیی و نێوان شاندەکانیان ئەنجامدا، پاش کۆبوونەوەکانیش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد تورکیا بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەکانی و ئەنجامدانی کارەکانی لە پێناو بەرقەراربوونی ئاشتیی و دۆستایەتیی لە هەموو بوارەکاندا لە ناوچەکەدا و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕەزامەندی دوولایەنی و دانوستان.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کورتوڵموش، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جیهان کەوتووەتە گێژاوێکی گەورەوە، باسی لەوەیش کرد ئەو ناوچەیەی تورکیای لێیە تیایدا شەڕ و پێکدادان و گرژییە گەورەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە هەڵکشان دەکەن.
کورتوڵموش ئاماژەی بەوەیش کرد جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا بەهۆی ئەوەی هەندێک کەس نایانەوێت هێشتا بەردەوامە، زوڵم و کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە لە هەموو شوێنێکی فەڵەستیندا بڵاوبووەتەوە.
نوعمان کورتوڵموش باسی لەوە کرد کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو باندەکەی بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو تاوانانەی لە فەڵەستین ئەنجامیانداوە، جەنگەکەیان فراوان کردووە و دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئێران کردووە.
کورتوڵموش ئەوەیشی خستەڕوو کە بە هێرشکردنە سەر ئێران هەنگاوێکی مەترسیدار هەڵنراوە بۆ ئەوەی دۆزی غەززە لە ڕۆژەڤی نێودەوڵەتیی دەربهێنرێت و، بە قوڵکردنەوەی جەنگەکە ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا بکرێتە هەمیشەیی.
هەروەها کورتوڵموش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە هەموو کێشەکانی ناوچەکە بە دانوستان چارەسەر بکرێن و، ڕایگەیاند: "بوونی حکوومەتی ئیسرائیل کە دەیەوێت لە هەموو کێشەیەکدا کارەکان بە ستەم و کۆمەڵکوژی چارەسەر بکات نەک بە گفتوگۆ، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ئاشتیی جیهان. ئەمە جێگەی قبوڵ نییە".
گوتیشی: "پێش ئەوەی درەنگ بێت و جیهان بکەوێتە پێکدادانێکی گەورەترەوە، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ڕێگریی لەم شەڕانگێزییەی حکوومەتی ئیسرائیل بکات".
سەبارەت بە تورکیای بێ تیرۆر، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کورتوڵموش ڕایگەیاند: "وەک سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەمەوێت بزانن کە لە کارەکانی ئەو کۆميسیۆنەی لەم پرۆسەیەدا دروست دەبێت بە هەموو شێوەیەک بەرپرسیارێتیی دەگرینە ئەستۆ و تێدەکۆشین بۆ ئەوەی بە ئەنجام بگەین".