Sangar Hamad Azeez
20 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2016
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، کەی ناوەندی پارێزگاکانی شرنەخ و هەکاری دەگوازنەوە و چۆن دەیگوازنەوە جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نومان کورتوڵموش گوتی: "مەبەستی گواستنەوەی ناوەندەکان تەنیا ئەوە نییە کە لەو بینا دەیگوازینەوە ئەم بینا، مەبەستمان ئەوەیە کە ئیدارەی پارێزگاکان ببەینە جزیرە و یوکسێکۆڤا، هەندێک پارێزگا هەن وەک شرنەخ، هەکاری و بتلیس بەهۆی گۆڕینی تۆپۆگرافیای ناوچەکە بە تێپەڕینی کات ناوەندەکانیان گونجاو نەماوە بۆ پارێزگا. بۆ نموونە تاتڤان لە بتلیس، یوکسێکۆڤا لە هەکاری و جزیرە لە شرنەخ زۆر گونجاون لە هەموو رووێکەوە بۆ بوونیان بە ناوەندی پارێزگاکان".
ناوبراو تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئەو پرۆژەیە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاسایشی ناوچەکەوە نییە و گوتی: "ئەوە بابەتێکە کە زۆر لە مێژە باسی لێوە کراوە، لانیکەم ساڵێک دەبێت ئەو بابەتە خراوەتە بەرباس، ئەو بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بە بارودۆخی ئێستا و ئاسایشی ئێستای ناوچەکەوە نییە. مەبەست لەو کارە دانانی شوێنێکە بە ناوەندی شارەکە کە بتوانرێت لەڕووی سرووشتییەوە فراوان بکرێت".
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە بە پشتبەستن بە چ بنەمایەک ناوەندی پارێزگاکانی شرنەخ و هەکاری دەگوازنەوە، گوتی: "گواستنەوەی ناوەندی ئەو دووپارێزگایە بە یاسا ئەنجام دەدرێت، بەهۆی ئەوەی ناوەندەکانی ئێستای پارێزگاکانی شرنەخ و یوکسێکۆڤا گونجاو نەماون و شارۆچکەکانی یوکسێکۆڤا و جزیرە تەواوی مەرجەکانی ئیداری تێدایە و لەڕووی تۆپۆگرافییەوە گونجاون، ئەو بڕیارەمان دەرکردووە".