11 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2020
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند ''پشتیوان بەخوا بەبێ ھیچ زیانێک تورکیا ئەم کێشەیە تێدەپەڕێنێت، ھیواشمان ھەر ئەوەیە. ھیچ ڤایرۆسێک لە رێوشوێنەکانمان بەھێزتر نییە".
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، رایگەیاند کە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-١٩) کە ھەموو جیھانی تەنیووەتەوە لە وادەی خۆیدا رێوشوێنی پێویستیان گرتنەبەر تاکو نەگاتە تورکیا و گوتی: ''پشتیوان بەخوا بەبێ ھیچ زیانێک تورکیا ئەم کێشەیە تێدەپەڕێنێت، ھیواشمان ھەر ئەوەیە. ھیچ ڤایرۆسێک لە رێوشوێنەکانمان بەھێزتر نییە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئیدلب کە لای ھەموو لایەنەکان پەسەندکراو بێت ئاگربەستی کاتی راگەیاندووە، نەک لەبەر ئەوەی توانای رووبەڕووبوونەوەی رژێمی ئەسەد و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی نییە و گوتی: "بچووکترین ھێرش بکرێتە سەریان (خاڵەکانی چاودێری لە سووریا) تەنھا بە بەرپەرچدانەوەیەک ناوەستێت، وەڵامی زۆر قورستری دەدەینەوە. دیار نییە کە رژێم(ی بەشار ئەسەد) و میلشیا مەزھەبگەراکان کە لەگەڵ ئەون، تا چەند پابەند دەبن بە ئاگربەستەکە. لەئێستاوە کەمێک دەستکراوە بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە. بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ئەو رێککەوتنەی پێی گەیشتووین ئەم پێشھاتانە بە رووسیا دەگەینین و چاوەڕوان دەکەین رێوشوێن بگرێتە بەر. لە نزیکەوە چاودێری ئەو حەشارگانە دەکەین کە رژێم و میلیشیاکانی پشتیوانانی لە ھێڵی ئاگربەست دروستیان کردووە. ئەگەر لایەنی بەرامبەر ھەمان ھەستیاریی ھەبێت، ئەوا تا کۆتایی پابەندی ئەو بەڵێنە دەبین کە داومانە، بەڵام ئەگەر پابەندی بەڵێنەکەی نەبێت، ھەرگیز سڵ ناکەینەوە لەوەی لەوەی پێشتر توندتر رووبەڕووی ببینەوە''.
سەرکۆماری تورکیا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە بەو ئۆپەراسیۆنەی وڵاتەکەی ماوەی مانگێکە لە ئیدلب بە کرداری بەڕێوەی دەبات و ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی بەھار کە دەستیپێکردووە، نیشانەی پێداگرییانە بۆ بەرگرتن لەو ھەڕەشانەی لەسەر سنوورەکانیان ھەیە.
سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان رەخنەی لە ھەڵوێستی سەرۆکی گشتیی جەھەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو گرت لەبارەی رەوشی سووریا و گوتی: "ئەوەی ھێرش دەکات بۆ شکاندنی خەباتی مەزنی وڵات و ئیرادەی یەکگرتووی گەلەکەمان، ئەو زاتەیە کە سەرۆکایەتی جەھەپە دەکات. کاک کەمال باش بزانە سەربازانی تورک رۆڵەی ئەم گەلەن و ھەرگیز ناچار نین ئەسەدی ستەمکار بپارێزن".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە ھیچ جیاوازیەک لەنێوان ئەو کارانەدا نییە کە نازیەکان کردیان لەگەڵ ئەو دیمەنانەی لەسەر سنووری یۆنان ھەیە گوتی: ''ھەر لە بەکارھێنانی بۆمبی غازی تا ئاوی گەرم و تەقەکردن بەسەر ئەو بێتاوانانەی کە جگە لە رزگارکردنی گیانیان و بنیاتنانی داھاتوویەکی باش بۆ منداڵەکانیان ئامانجێکی دیکەیان نییە، تەواو بە واتای وشە کارێکی دڕندانەیە''.