ھەولێر
لە ساڵی ٢٠١٣دا لە نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان چەندین رووداوی گرنگ روویاندا، بەشێک لەو رووداوانە کە بووون بە ھۆی بەرەوە پێشچوونی پەیوەندیی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان بریتین:
لە پشتگیریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، لەو چوارچێوەیەدا چەندین جار وەفدی بەدەپە سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەوێشەوە سەردانی قەندیلیان کرد، پەیامی بێدەنگکردنی چەکی ئاراستەی بەرپرسانی کەجەکە کرد.
ھەر لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەریدا وەفدی بەدەپە چەندین جار لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالاندا چاوپێکەوتنیان ساز کرد.
لە ٢٨ی شوبات، شاندی بەدەپە بۆ سازدانی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی کەجەکە، سەردانی قەندیلیان کرد. پێش سەردانی قەندیل، شاندی بەدەپە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، دوای گەڕانەوە لە قەندیل، لەگەڵ ژمارەیەک لە رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری ھەولێریش کۆ بوونەەوە. شاندی بەدەپە لە ماوەی چاوەڕوانی وەڵام دانەوەی کەجەکە بە نامەکەی ئۆجالان، سەردانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانییان کرد بۆ ئەوەی پشتگیریی لە قۆناغی چارەسەری بکا. لە وەڵامدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد بۆ سەرخستنی قۆناغی چارەسەری لە تورکیا، وەکو حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لە دەستیان بێ درێغی ناکەن.
رۆژی ١٣ی ئادار شاندێکی رێکخراوە مەدەنییەکانی تورکیا سەردانی شاری ھەولێریان کرد. دوای ماوەیەک چاوەڕوانی لە ھەولێر، بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ھەشت کەسەی کە لە لایەن پەکەکەوە بە دیل گیرابوون بەرەو قەندیل وەرێکەوتن. دوای وەرگرتنی ھەشت دیلەکە ل بە ھاوکاریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گەڕێنرانەوە تورکیا.
رۆژی ٢٥ی نیسانی ٢٠١٣ کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە موراد قەرەیڵان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا لە قەندیل رایگەیاند: پەکەکە بە رەسمی دەست بە کێشانەوەی ھێزە چەکدارەکانی خۆی لە تورکیا دەکا.
رۆژی ١٤ی گولان یەکەمین گروپی پەکەکە لە خاکی تورکیا کێًشانەوە و لە کەمپەکانی باکووری ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ کران. ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەنووس و کەناڵی جیاجیای میدیایی چاودێرییان لە سەر کێشانەوەی یەکەمین گروپی پەکەکە لە تورکیا کرد.
دوای پێنج مانگ بۆ جاری یەکەم، رۆژی ١٧ مایس وێنەکانی جەلال تاڵەبانی بڵاو کرانەوە. تاڵەبانی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ لە بەغدا بە ھۆی جەڵتەی مێشکەوە گواسترایەوە بۆ ئەڵمانیا و لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا لە ژێر چاودێری پزشکیدایە.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق بەشە نەوتی ھەرێمی کوردستانی نەداوە، بۆیە لە رێگەی تانکەرەوە دەستی بە ھەناردنی نەوتی خۆی بۆ تورکیا کرد، بەرپرسانی تورکیایش کە ویستیان دەست بە ھاوردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکەن دەستیان بە دانوستان لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا کرد.
لەو چوارچێوەیەدا رۆژانی ٣١ ی تەمووز و ٣٠ی ئەیلوول و٣٠ تشرینی یەکەم و ٢٦ی تشرینی دووەم لە نێوان ھەولێر و ئەنقەرەدا ترافیکێکی زۆری دیپلۆماتیکی ھاتە ئاراوە. ھەر لە چوارچێوەی ئەو سەردانانەدا چەندین کۆبوونەوەی جیاجیا لەگەڵ حکومەتی بەغدایش ئەنجام دران.
رۆژی ١٥ی ئاب ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سوریا بەھۆی شەڕی ناوخۆ، روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، بۆ نیشتەجێکردنی ئەو ژمارە زۆرە لە ھەولێر و سلێمانی چەندین کەمپ دامەزران. ساڵی ٢٠١٣ زیاتر لە ١٥٠ ھەزار پەنابەری سوری روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد.
رۆژی ١ی ئەیلوول بەشی کوردی ئاژانسی ئانادۆڵو (سۆرانی و کرمانجی) لە ھەولێر و لە ئەنقەرە دەستی بەکار کرد.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی ٢١ ئەیلولدا بوو براوەی ھەڵبژاردن و ٣٨ کورسی بەدەستھێنا، لە بەرامبەر ھێزی دووەمی ھەرێمی کوردستان کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوو، دەنگێکی زۆری لەدەستدا و بوو بە سێیەمی ھەڵبژاردنەکان و بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە دووەمی براوەی ھەڵبژاردن. ھەر لەو چوارچێوەیەدا بۆ دامەزراندنی حکومەت نێچیرڤان بارزانی سەردانی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانی کرد.
دوای چەندین ساڵ بۆ جاری یەکەم، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی رۆژی ١٦ی تشرینی دووەم لە سەر داوەتی سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی دیاربەکری کرد، ھونەرمەندی ناودار شڤان پەروەریش لەگەڵ بارزانیدا سەردانی دیاربەکری کرد.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، سەرەتا سەردانی بەغدای کرد و دواتر گەڕایەوە ھەولێر، لە ھەولێر بەشداری لە کۆنفرانسی نەوت و غاز کرد. دوای ئەو کۆنفرانسە لە سەلاحەدین لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی کۆ بووەوە. دوای سەردانی تانەر یڵدز بۆ ھەولێر، کاربەدەستانی ھەرێمی کوردستان رایانگەیاند لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ دەست بە ھەناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەکەن.
پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردی سوریا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ دەستیان بە گفتوگۆ کرد و لەو چوارچێوەیەدا لە ھەولێر کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی بەرێوە چوو، کوردانی سوریا لە سەر بەشداریکردنیان بە یەک شاند لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ رێککەوتن. ئەو کۆبوونەوانە بە ھەوڵی لەیلا زانا و عوسمان بایدەمیر رێکخرابوون.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو ئاکۆ محەمەد گوتی: لە مێژوودا پەیوەندی تورکیا و ھەرێمی کوردستان ھەمیشە باش بوون و بە ھۆی ھەناردنی نەوت، ئەو پەیوەندییانە باشتر و بەھێزتر دەبن، دوای دوور کەوتنەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە، بە ھۆی ئەو متمانەیەوە کە تورکیا بە ھەرێمی کوردستانی داوە، خەڵکی ھەرێمی کوردستان خۆی لە ئارامیدا دەبینێ.
ئاکۆ محەمەد ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا سەردانی مەسعود بارزانی بۆ تورکیا و قسە کردنی لە دیاربەکر بە زمانی کوردی، رووداوێکی زۆر گرنگە، گرنگتر لەوەیش تەلەڤزیۆنی رەسمیی دەوڵەت ھەیە تایبەت بە کورد، ئاژانسی رەسمی کوردی ھەیە، پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارانی کورد دەتوانن بە زمانی کوردی پرۆپاگەندە بکەن.
پەرلەمانتاری تورکمانی پەرلەمانی کوردستان، محەمەد ئیلھانلی گوتی: "خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە گەرمی پێشوازیی لە نزیکبوونەوەی تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە یەکتر دەکەن."