دیاربەکر
دادگای تێهەڵچوونەوەی تورکیا سزای بەندکردنی لەیلا زانای ھەڵوەشاندنەوە کە دادگای پێنجی سزای قورسی دیاربەکر بەتاوانی ئەندامێتیی پەکەکە سزای ١٠ ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکردبوو.
دادگای پێنجی سزای قورسی دیاربەکر داوای سزای ١٠ - ٥٥ ساڵی بۆ پەرلەمانتاری سەربەخۆ لەیلا زانا بە تۆمەتی پروپاگەندە لەچەند شوێنێک بۆ پەکەکەی کردووە، بەھۆی ئەوەی چالاکیەکانی زانا گەشتوەتە ئاستی ئەندامی پەکەکە، بۆیە بڕیاری ١٠ ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو. لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی تورکیا دوای پێداچوونەوەی دۆسیەکە بە کۆی دەنگ بڕیاری سزای بەندکردنی لەیلا زانای ھەڵوەشاندەوە.
دادگای سزای پێنجی قورسی دیاربەکر بەتۆمەتی ئەندامبونی لە پەکەکە رۆژی ٤ کانونی یەکەمی ٢٠٠٨ بڕیاری سزای ١٠ساڵی بۆ لەیلا زانا پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەر کردبوو، دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە و بڕیارەکە لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی تورکیاوە، بڕیارەکە ھەڵوەشێنرایەوە.
لەیلا زانا لە ھەڵبژاردنی گشتی ١٢ حوزەیرانی ٢٠١١ لە خولی ٢٤ پەرلەمانی وڵاتەکەی بوو بە پەرلەمانتار، بەپێی مادەی ٨٣ی دەستوری وڵات زانا دادگایی کرایەوە، بە پێدانەوەی مافی گشتی و ئازادی، لە چوارچیوەی مافی پارێزبەندی لە پەرلەمان و نەبوونی بەڵگەی تەواو، بریاری سزاکەی رەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوە کرا.
دادوەر داوای سزای زیندانی ٥٥ ساڵی کردبوو
دادوەری کۆماری تورکیا بەتۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و بەکۆکردنەوەی سەرجەم گوتەکانی کەلە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکان و شوێنە جیاجیاکان و کۆبوونەوە و دیدارەکان رایگەیاندووە، کە ئەوانە چوونەتە قاڵبی ئەندامبوونی پەکەکە، بۆیە بە تۆمەتی ھاوکاری پەکەکە و بەکارھێنانی ناوی پەکەکە لە چالاکیەکانیدا، سزای ٤٥ ساڵی بۆ داوا کرد، ھەروەھا بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پەکەکە سزای ١٠ ساڵی بۆ داواکرا و کۆی گشتی سزای داواکراو بۆ لەیلا زانا گەیشتە ٥٥ ساڵ.
دادگا بەپێی مادەی ٣١٤ ی یاسایی کۆماری تورکیا بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پەکەکە سزای ١٠ ساڵی بەندکردنی بۆ لەیلا زانا دەرکردبوو.