Mazın Asad
14 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم: "ھەرکەسێک ھەوڵبدات ئەم گەلە جیا بکاتەوە و دابەش بکات بۆ ویلایەتەکان، ئەوا ٨٠ ملیۆن رۆڵەی ئەم نیشتمانە رووبەڕووی دەبێتەوە".
یڵدرم لەمیانی کۆبوونەوەی جەماوەری پارتەکەی لە پێش شارەوانی ئەتیمەسگوت لە ئەنقەرە، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەسەر کاردانەوەی ھاووڵاتییان لەسەر گوتەکانی سەرۆکی گشتی جەھەپە کەماڵ کڵچدارئۆغڵو لەبارەی دەنگۆی "ویلایەت" رایگەیاند: "ئێستا واز لە کڵچدارئۆغڵو بھێنن، با سەرقاڵی کاری خۆمان بین. بۆچی لەگەڵ ئەو کاتمان بەفیرۆ بدەین. ئەو پیاوە دوو مانگە لەگەڵ خاوەن کافتریاکان قسە دەکات و پاشان دەڵێت 'کافتریاکان دادەخرێن'، لەگەڵ خاوەن تەکسیەکان قسە دەکات و پاشان دەڵێت 'وێستگەی تەکسیەکان دادەخرێن'. لەگەڵ موختارەکان کۆدەبێتەوە و پاشان دەڵێت 'نووسینگەی موختارەکان' دادەخرێن. براکەم تۆ بۆ تورکیا چی دەڵێی با بزانین. ئەی ئەم گەلە چی دەڵێت؟ بەڵێ وەڵامە بۆ تۆ".
یڵدرم گوتیشی: "لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا دەوڵەت باخچەلی پێکەوە کارمان کرد. دەوڵەت باخچەلی دەڵێت 'سەرەتا وڵات و گەلم، پاشان پارتەکەم'. بۆیە ئێستا کەسانێک دەڵێن "ویلایەت دروست دەبێت"، "تورکیا دابەش دەبێت". منیش دەڵێم ئەی بۆچی پەکەکە دژی ئەمە(گشتپرسی) رادەوەستێت؟ بۆچی پەکەکە بە ھاوار دەڵێت 'بڵێن نەخێر'. بۆچی فەتۆ ھاوار دەکات و دەڵێت 'بڵێن نەخێر'. بۆچی ھەندێک لە بەرپرسانی ئەورووپا بە ھاوار دەڵێن 'بڵێن نەخێر'. چونکە ئەمانە نایانەوێت تورکیا بەھێز بێت و نایانەوێت تیرۆر تەواو بێت. قەندیل دەڵێت 'بڵێن نەخێر' و دەشڵێت کە ئەگەر 'بەڵێ' دەربچێ کۆتاییمان پێدێت. قەندیلتان لێ دەکوژێنینەوە. ئێمە وەک تاکە گەلێک، تاکە وڵاتێک، تاکە نیشتمانێک و تاکە ئاڵایەک لە رێگەمان بەردەوام دەبین".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتیشی: "لێتان دەپرسم چۆن سیستەمی ویلایەت دەبێت. کۆماری تورکیا دوای شەڕی رزگاریخواز دامەزرا. بە دەستوور سیستەمی ویلایەت نایەتە ئاراوە. چونکە لە ھەر بستێکی ئەم نیشتمانە خوێنی شەھیدەکانمان ھەیە و رەنگی ئەستێرە و ھیلالی ئاڵەکەمان ھەیە. بۆیە ھەرکەسێک ھەوڵبدات ئەم گەلە جیا بکاتەوە و دابەش بکات بۆ ویلایەتەکان، ئەوا ٨٠ ملیۆن رۆڵەی ئەم نیشتمانە رووبەڕووی دەبێتەوە".