Muhammet Ali Kemal
18 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی بینالی یڵدرم رایگەیاند وەک فراکسیۆنی ئاکپارتی پێشنیارەکانی گۆڕینی دەستوور و سیستمی سەرۆکایەتی ئاراستەی پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەری، دەکەن.
بینالی یڵدرم بەرلە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لەپەرلەمان، سڵاوی لەرۆژنامەوانان کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە. لەبارەی گوتەکانی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی سەبارەت بە گۆڕانکاریی لەدەستووردا کە رایگەیاندبوو ''ئێمە سڵ لە گەل ناکەینەوە. هیچ رێگرییەکیش لەوبارەیەوە نابینین''، یڵدرم گوتی: ''راستی گوتووە. هیچ شتێک نییە نەزانراو بێت، هەموو شتێک زانراوە''.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ''چی لە گوتەکانی بەڕێز باخچەلی تێگەیشتن؟''دا بینالی یڵدرم رایگەیاند: ''ئەوە تێگەیشتم کە ئێوە لێی تێگەیشتوون''. دواتر رۆژنامەوانان بە سەرۆکوەزیرانی تورکیایان گوت کە ''باخچەلیش هەمان شت سەبارەت بە ئێوە دەڵێت''، ئەویش لەوەڵامدا گوتی: ''کەواتە لەسەر رێگە راستەکەیە''.
سەبارەت بەوەی ئایا لەبارەی سیستمی سەرۆکایەتییەوە سازان درووستبووە یان نا، یڵدرم رایگەیاند: ''وەک فراکسیۆنی ئاکپارتی پێشنیارەکانی گۆڕینی دەستوور و سیستمی سەرۆکایەتی دەهێنینە پەرلەمان. بڕیار لای پەرلەمانە''.
لەوەڵامی پرسیاری وادەی ریفراندۆم چ کاتێکە، سەرۆکوەزیرانی تورکیا بە ئینگلیزی وەڵامی دایەوە و مەبەستی ''لەکورتترین ماوەی گونجاودا'' بوو.