مۆسکۆ ــ AA
سبەی پێنجشەممە یارییەکانی مۆندیاڵی ٢٠١٨ لە رووسیا دەست پێدەکەن و یاری کردنەوەش لە نێوان ھەردوو ھەڵبژاردەی رووسیا و سعوودیە لە یاریگای لۆژنیکی بەڕێوەدەچێت و لە ئێستاوە ھاندەرێکی زۆری ھەردوو ھەڵبژاردەکە رێگەیان بەرەو یاریگەکە گرتووەتەبەر.
بە پێی ماڵپەری فیفا، یاریگای لۆژنیکی بە یەکێک لە یاریگا سەرەکییەکانی مۆندیاڵی ٢٠١٨ لە رووسیا دادەنرێت کە مێژووی دروستکردنەکەی بۆ ساڵی ١٩٥٦ دەگەڕێتەوە کە لەو کاتەوە تاوکو ئێستا سێ ھەزار یاری تۆپی پێی لێی ئەنجامدراوە.
لە ساڵی ٢٠١٣وە، کاری نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی یاریگای لۆژینکی بۆ مۆندیاڵی ٢٠١٨ لە رووسیا دەستی پێکردبوو کە بووەتە یەکێک لە جێگە سەرسورھێنەرەکان لە مۆسکۆ.
ھەروەھا لە ئێستادا یاریگای لۆژینکی جێگەی ٧٨ ھەزار بۆ ٨٠ ھەزار کەسی لێ دەبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی رێوشوێنی ئەمنی توند لە یاریگاکە گیراوەتەبەر و رێگە نادرێت بەپێی پشکنینی ورد بە ئامێری ئەلیکترۆنی ھیچ ماددەییەک یان کامێرای رۆژنامەوانان ببرێنە ناو یاریگاکەوە.
زانراوە تەنانەت ئەو کەسەی باجی رۆژنامەوانی، یان ھونەری نەبێت رێگەی پێ نادرێت بچێتە ناو یاریگاوە بە تایبەتیش ئەوەی کاری لەناو یاریگاکە نەبێت.
بە گوتەی شاندی نێردراوەی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ مۆندیالی ٢٠١٨، ئامادەکارییەکان بۆ یاری نێوان ھەردوو ھەڵبژاردەی رووسیا و سعوودیە کە سبەی پێنجشەممە لە یاریگای لۆژنیکی بەڕێوەدەچێت، بەردەوامە و لە شوێنە تایبەتییەکانی ناو یاریگاکەدا، رێوشوێن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و فریاکەوتن و پشتیوانیکردن لە رۆژنامەوانان گیراوتەبەر.
شاندی نێردراوی ئاژانسی ئانادۆلو بۆ مۆندیاڵی ٢٠١٨ راشیگەیاند کە ھاندەرانی سعوودیە بۆ پشتیوانیکردن لە ھەڵبژاردەی وڵاتەکەیان لە دەرەوەی یاریگای لۆژنیکی ئامادەن و گردبوونەتەوە.
یەکێک لە ھاندەرانی سعوودیە بە ناوی ساڵح درعی لە بەردەم یاریگای لۆژنیکی بۆ شاندی نێردراوەی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: " ئێمە ھاتووین تا پشتیوانی لە ھەڵبژاژدەی وڵاتەکەمان بکەین و لە یاری کردنەوەش لەگەڵ رووسیا بە سەرکەوتن نەبێت بە ھیچ شتێکی دیکە رازی نابین".
یارییەکانی مۆندیالی ٢٠١٨ لە رووسیا بەرێوەدەچن کە لە بەرواری ١٤ی حوزەیران دەست پێدەکەن و تا ١٥ی تەمووزی داھاتوو بەردەوام دەبن.