Muhammet İkbal Arslan
31 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2023
جنێڤ - AA
بەرپرسانی چین و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی ئێستای پەتای کۆرۆنا کۆبوونەوە.
لەوبارەیەشەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە ٣٠ی کانوونی یەکەمدا لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوەیەک لە نێوان رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەرپرسانی چین ئەنجام دراوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە چین، رەوشی ئێستای پەتاکە و پێدانی هاوکاری زیاتری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کراوە.
بەرپرسانی باڵای کۆمیسیۆنی تەندروستی نیشتمانی چین و ئیدارەی نیشتمانی رێگریی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان، دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە چین، بەکارهێنانی ڤاکسین و چاودێریکردنی نەخۆشەکان، زانیاریان دایە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی.
لە بەرامبەریشدا رێکخراوەکە داوای زانیاری نوێی تایبەت بە تووشبووان، رشتەی DNAی نموونەی ڤایرۆسەکە، زانیاری تایبەت بە کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکە لەسەر تووشبووان. ژمارەی تووشبووەکانی بەشی چاودێری چڕ، گیانلەدەستدان، رەوشی هەڵمەتەکانی کوتان بەتایبەت بۆ کەسانی سەروو ٦٠ ساڵ لە چین کرد.
بەرپرسانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەیان بە گرنگی بەکارهێنانی ڤاکسین بۆ ئەو کەسانە کرد کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، داواشیان لە چین کرد شێوازی بەڕێوەبردنی نەخۆشییەکان بەهێزتر بکات، پشتیوانی رێکخراوەکەشیان لەو بوارانەدا بۆ حکوومەتی چین دووپات کردەوە.