Zana Natık Kerem
18 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2021
ھەولێر ــ AA
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، ریاز عەبدولئەمیر حەلفی رایگەیاند کە تا ئێستا تەنھا ٥٠٠ ھەزار کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
ریاز عەبدولئەمیر حەلفی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا کە مەرجی سەرەکیی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەرگرتنی ڤاکسین و پابەندبوونە بە رێنماییەکانی خۆپارێزیی و گوتی:
"تا ئێستا تەنھا ٥٠٠ ھەزار کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە کە رێژەکەی سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووان کە ٤٠ ملیۆن کەسە دەکاتە دوو لەسەدا".
گوتیشی: "لە کاتی ئەوەی سەرجەم ھاووڵاتییان، ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن ئەوا بێگومان، ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ دەکرێت و تووشبوونیش بە ڤایرۆسی کۆرۆنایاش کەم دەبێتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگە، ریاز عەبدولئەمیر حەلفی باسی لەوەشکرد، ئەو بڕە ڤاکسینەی کە نێردراوە بۆ عێراق، بەشی ھەمووان ناکات، بەڵام لە میانی چەند مانگی داھاتوودا، ڤاکسینی دیکە دەگاتە عێراق.
ریاز عەبدولئەمیر حەلفی ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھەر کەسێک لە گرنگی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا کەم بکاتەوە، یان ھاووڵاتییان لە وەرگرتنی ڤاکسین سارد بکاتەوە، ئەوا رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەری دەگیرێتەبەر.
ئەمەیش لە کاتێکدایە تا ئێستا یەک ملیۆن و ١٤٢ ھەزار و ٩٢٥ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لەو ژمارەیەش ١٥ ھەزار و ٩٩٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و یەک ملیۆن و ٥٠ ھەزار و ٦٨٧ کەسیش چاکبوونەتەوە.