Dmitri Chirciu
17 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2020
مۆسکۆ- AA
لە بەردەوامی هەوڵە جیهانییەکان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، پەیمانگای نیشتمانی گامالەیا لە مۆسکۆ-ی پایتەختی رووسیا لە نۆی ئەیلوولەوە دەستی بە قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەکان کردووە کە بڕیارە لەسەر ٤٠ هەزار کەس تاقی بکرێتەوە.
ئەو خۆبەخشانەی ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقی دەکرێتەوە، پێویستە سەرەتا لە ماڵپەڕی شارەوانی مۆسکۆ فۆڕمێک پڕبکەنەوە، خۆبەخشەکان بەگوێرەی وەڵامەکانیان بۆ پرسیارەکانی ناو فۆڕمەکە بانگێشتی نەخۆشخانە دەکرێن و لەلایەن پزیشکەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەگەر پزیشک پەسەندی کرد پشکنینی خوێن، ئەلکوهول و ماددەی هۆشبەریان بۆ دەکرێت.
دوای تێپەڕین بە سەرجەم قۆناغە پێویستەکان، ڤاکسینەکە لەسەرخۆبەخشەکان تاقی دەکرێتەوە و بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لە نەخۆشخانە دەهێڵدرێنەوە ئەگەر باری تەندروستییان جێگیربوو، رێگەیان پێدەدرێت بچنەوە بۆ ماڵەوە.
بۆ چاودێریکردنی بەردەوامی تەندروستیی خۆبەخشەکان، کاتژمێرێکی تایبەت دەکرێتە دەستیان.