Muhammet Ali Kemal
28 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2017
ئەنقەرە- AA
زانایان لەزگەیەکیان پەرەپێداوە کە بە ئاسانی بە پێستدا دەنووسێت و لە رێگەی دەرزییە زۆر وردەکانەوە، ڤاکسینی دژبە پەتاکان دەگەیەنێتە ناو لەشی مرۆڤ.
بە پێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لە گۆڤاری ''لانسێت''دا بڵاوکراوەتەوە، ئەو لەزگەیە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانە بەرهەمهێنراوە کە لە دەرزی دەترسن و دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە بتوانن ڤاکسیدانی دژبە پەتا وەربگرن.
ئەو زانایەی کە لێکۆڵینەوەکەی ئەنجامداوە، پرۆفیسۆر دکتۆر مارک پرۆسنیتز لە پەیمانگای تەکنەلۆجیی جۆرجیا، رایگەیاند ''لەزگەکە دەرزیلەی ورد لە خۆدەگرێت کە بێ ئەوەی ببنە مایەی هیچ جۆرە ئێش و ئازارێک، کونی ورد لە پێستدا دەکەنەوە و ڤاکسینەکە دەگەیەننە لەش''.
لای خۆیشییەوە دکتۆر نادین رۆفڵ لە زانکۆی ئێمرۆی، رایگەیاند ''بە هۆی لەزگەکەوە دەتوانن بێ ئەوەی بچنە هیچ بنکەیەکی تەندروستی لە ماڵەوە یان لەسەر کار، ڤاکسینی دژبە پەتا وەربگرن''.
لەزگەکە لەسەر ١٠٠ خۆبەخش تاقیکراوەتەوە و تێستی سەلامەتی تێپەڕاندووە.
ئەو لەزگەیە کە هاوشێوەی ڤاکسینەکانی دیکە، پێویست ناکات لە ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت، بە هۆی ئەو تایبەتمەندییەشییەوە دەبێتە مایەی ئاسانکاریی زیاتر.
لێکۆڵەرەوان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی وا لە لەزگەکە بکەن لە ڤاکسینەکانی دیکەشدا بەکاربێت.