Heman Hussein Yaseen
27 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2020
ههولێر - AA
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی لە عێراق، جینین ھێنیس پلاسخارت سەردانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، وەزیری تەندروستیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: ''لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبووینەوە و تاوتوێی رەوشی تەندروستییمان کرد، ئەوان ھەر لە سەرەتاوە ھاوکارمان بوون بە دابینکردنی ماسک و کەلوپەل و پێداویستی تەندروستی، ھەروەھا سوپاسی حکوومەتی ھەرێمیان کرد لە گرتنەبەری رێککارە تەندروستییەکان''.
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جینین ھێنیس پلاسخارت ئاماژەی بە ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێم کرد سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنە تەندروستییەکان و گوتی: ''حکوومەتی ھەرێم لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرکەوتووبووە و ھەنگاوی باش نراوە و پێویستە ھاووڵاتییانیش پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن''.
پلاسخارت گوتیشی: ''پێویستە رێگا لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بگیرێت بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین کە تا بکرێت بەرکەوتەیان نەبێت و قەرەباڵغی دروست نەکرێت".