Fuat Kabakcı
03 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2020
پەکین - AA
چین بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە، بۆ دوو هەزار و ٩٤٥ کەس، راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی نیشتمانی چین بۆ تەندروستی لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە کە لەمیانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣١ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ١٢٥ حاڵەتی نوێیش تۆمارکراوە.
باسی لەوەشکردووە، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئەمڕۆ گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە دوو هەزار و ٩٤٥ کەس لەنێویاندا دوو کەس لە ناوچەی هۆنگ کۆنگ-ی خۆرێبەری.
ئاماژەی بەوەشداوە کە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بەڤایرۆسەکە گەیشتووەتە، ٨٠ هەزار و ١٥١ حاڵەت کە شەش هەزار و ٨٠٦ حاڵەتیان رەوشیان مەترسیدارە، وێڕای ٥٨٧ حاڵەتی دیکەی گوماناوی.
هەروەها باسی لەوە کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە قەرەنتینە کراون دابەزیوە بۆ ٤٠ هەزارو ٦٥١ کەس و ژمارەی ئەوانەی کە چاکبوونەتەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٤٧ هەزار و ٢٠٤ کەس.
هەر بەپێی بەیاننامەی لیژنەکە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ناوچەی خۆرێبەری هۆنگ کۆنگ گەیشتووەتە ١٠٠ حاڵەت.
بۆ یەکەم جار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا و لەئێستادا لە ٧٠ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووتەوە.