Ata Ufuk Şeker
01 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2021
برۆکسل - AA
ئەمڕۆ یەکێتیی ئەورووپا، پەیڕەوی ''بڕوانامەی وەرگرتنی ڤاکسین''ی خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئامادەی کردووە بەمەبەستی ئاسانکاری لە گەشکردن لە سەردەمی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا.
کارکردن بە بڕوانامەی ڤاکسین کە لە گەشتی ناو سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپادا بەکاردێت، بە فەرمی خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لەو گەشتانەی لە رێگەی هێڵی ئاسمانییەوە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە ئەنجام دەدرێن، پێش سەرکەوتن بۆ ناو فڕۆکە پێویستە بڕوانامەی ڤاکسین پێشکەش بکرێت.
بڕوانامەی دیجیتاڵی كۆرۆنا كه له یەکێتیی ئەورووپا بێبەرامبەرە، لەسەر کاغەز یان بەشێوەی دیجیتاڵی ئامادە دەکرێت.
بەمەبەستی بەرگرتن لە جیاکاریی، بڕوانامەکە دەبەخشرێت بەو کەسانەشی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
زانیارییەکانی ناو بڕوانامەکە دەریدەخات کە کەسەکان ڤاکسینی كۆرۆنایان وهرگرتووه یان نا، ئەگەر ڤاکسینیان وەرگرتووە لە کوێ و چ جۆرێکیان وەرگرتووە.
جۆرەکانی پشکنینی کۆرۆنا PCR، کە بەرلە ٧٢ کاتژمێر لە گەشتکردن ئهنجامدراون، بە بڕوانامە ئەژمار دەکرێت.
بەڵام پشکنینی خێرای دژەپەیداکەر (Antigen) کە بەرلە ٤٨ کاتژمێر ئەنجام دەدرێت، لەلایەن وڵاتان خۆیانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت کە وەک بڕوانامەی وەرگرتنی ڤاکسین بەکاربهێنرێت.
ئەو ڤاکسینانەی کۆرۆنا کە لە یەکێتیی ئەورووپا پەسەند کراون وەک فایزەر، مۆدێرنا، ئهسترازێنێكا و جۆنسن ئاند جۆنسن کە لە بڕوانامەکەدا هەن و ئەو کەسانەی دوو هەفتە بەسەر وەرگرتنی دوایین دۆز ڤاکسینەکە تێپەڕیوە لە گەشتکردنیاندا پشکنینی زیادەیان پێ ناکرێت یان کەرەنتین ناکرێن.
بڕوانامەکە بەبێ جیاوازی دەدرێت بە هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەورووپا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خەڵکی کام وڵاتەیە، هەروەها دەدرێت بەو کەسانەی کە لە یەکێتیی ئەورووپا نیشتەجێن، بەڵام هاووڵاتی یەکێتییەکە نیین و بەو گەشتیارانەشی کە مافی گەشتکردنیان هەیە بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتییەکە.
ئەو بڕوانامەیهی وەرگرتنی ڤاکسین جگه له وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، لە ئایسلاند، لیختنشتاین، نەرویج و سویسرا کاری پێدەکرێت.
بڕوانامەکە کە بە زمانەکانی وڵاتانی ئەندام و زمانی ئینگلیزی نووسراوە، لەئێستادا بۆ ١٢ مانگ کاری پێ دەکرێت و لە کاتی گەشتەکاندا کۆنترۆڵ دەکرێت.