Ahmet Dursun,Rewa Mahmood Hasan
01 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2019
ئەنقەرە - AA
بە مەبەستی بەهێزکردنی هاریکاری لە سنوورەکاندا ئێران و ئیمارات نامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد.
بەپێی هەواڵێکی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی ئێران کە بەرپرسانی ئەمنی هەردوو وڵات دوای شەش ساڵ لە تاران بەشداریان لە کۆبوونەوەی ئاسایشی کەناردەریایی هاوبەش کردووە و هەردوولا بۆ زیادکردنی کاریگەرییە سنووریەکان لە کەنداو و بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان نامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد.
فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ئێران عەمید قاسم رەزای کە بەناوی وڵاتەکەیەوە واژووی رێککەوتنەکەی کردووە رایگەیاند، "لە کۆتایی کۆبوونەوەکەمان کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەسترا بە مەبەستی زیاترکردنی هاریکاری سنوورەکان و کاریگەریەکانی، نامەیەکی لێکتێگەیشتن واژوو کرا."
رەزای رایگەیاند کە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی هەردوو وڵات زۆر گرنگن.
فەرماندەی سنوورەکانی ئیمارات خبابی کە بەناوی وڵاتەکەیەوە واژووی کرد گوتی: "واژووکردنی ئەم رێککەوتنە کە ئاسانکاری بۆ تێپەڕین و زیادکردنی ئاسایشی سنوورەکان دەکات، هەنگاوێکی ئەرێنیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هەردوو وڵات".