Hemın Othman Mohammed,Muhammet Ali Kemal
10 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2016
وێستگەی دووەمی كێبڕكێی كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ویلایەتی نیوهامپشایەر بەڕێوەچوو، كە تیایدا لە هەڵبژاردنی سەرەتاییدا سیناتۆری ڤێرمۆنت لەسەر لیستی دیموكراتەكان و ملیاردێری ئەمریكی دۆناڵد ترەمپ لەسەر لیستی كۆمارییەكان سەركەوتنیان بەدەست هێنا.
هەڵبژاردنە سەرەتاییەكان، رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێن لە دیاری كردنی كاندیدانی پارتەكاندا بۆ هەلبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچیت، وێستگەی دووەمی ئەو هەڵبژاردنە سەرەتاییانە لە ویلایەتی نیوهامپشایەر بەڕێوەچوو.
هەڵبژاردنە سەرەتاییەكە بە سیستمی هەڵبژاردنی نەریتی لەو ویلایەتەدا كە دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی ئەمریكا بەڕێوەچوو، تیایدا سیناتۆری ڤێرمۆنت بێرنی ساندەرز، كە لەسەر لیستی دیموكراتەكان ناوی خۆی كاندید كردووە توانی پشتیوانی سەدا 60ی لایەنگرانی پارتەكەی بەدەست بهێنێت و پێشەنگ بێت، لە بەرامبەردا وەزیری پێشووی ئەمریكا هیلاری كلینتۆن كە ئەویش لەسەر لیستی هەمان پارت ناوی خۆی تۆمار كردووە توانی تەنیا پشتیوانی سەدا 39 دەنگەكان بەدەست بهێنێت.
لەو راپرسیانەی كە لە ویلایەتەكەدا كراون ساندەرز ریزبەندی یەكەمی گرتووە. لەبەرئەوەی ویلایەتەكە هاوسێی نیوهامپشایەرە سەركەوتنەكەی ساندەرز نەبووە جێگەی سەرسوڕمانی زۆركەس. ئەمە لە كاتێكدایە لە قۆناغی یەكەمی هەڵبژاردنە سەرەتاییەكەدا لە ویلایەتی ئایۆوادا ساندەرز بەجیاوازی لە هەزار دوو لەدوای كلینتۆنەوە بوو.
لە مێژووی ئەمریكادا، ساندەرز یەكەم سیاسەتمەداری نامەسیحیە كە لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەكاندا سەركەوتنی بەدەست هێنابێت.
- راپرسیەكان ئەمجارە رانەگەیەنران
دۆناڵد ترەمپ، كە لەسەر لیستی كۆمارییەكان ناوی خۆی بۆ كاندیدی سەرۆكایەتی تۆمار كردووە، لە كێبڕكێكی ویلایەتەكەدا بە بەدەستهێنانی لەسەدا 35ی دەنگی لایەنگرانی پارتەكەی پشتیوانی تەواوی بەدەست هێنا، لە راپرسیەكانیشدا ریزبەندی یەكەمی گرت بوو. ترەمپ، سەرەرای ئەوەی لە راپرسیەكانی ویلایەتی ئایۆوادا پلەیەكی بەرزی بەدەست هێنا بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی سەرەتاییەكەدا ریزبەندی دووەمی گرت بوو.
لەلایەكی دیكەوە، حاكمی ویلایەتی ئۆهایۆ جۆن كاسیج كە لەسەر لیستی كۆمارییەكان ناوی خۆی تۆمار كردووە، هەڵبژاردنی سەرەتایی ویلایەتەكە بووە مایەی سەرسوڕمانی. لەگەڵ ئەوەی لە راپرسیەكاندا چانسێكی زۆری هەبوو بەڵام سەدا 16ی دەنگەكانی بەدەست هێنا و لە پاش ترەمپ ریزبەندی دووەمی بەدەست هێنا.
لە هەڵبژاردنەكەدا پارێزگاری ویلایەتی نیو جێرسی كریس كریستی بە بەدەستهێنانی لەسەدا حەوت، سەرۆكی پێشووی كۆمپانیای تەكنەلۆجی كارلی فیۆرینا لەسەدا چوار، دكتۆری پێشووی مێشك بێن كارسن لەسەدا دوو و پارێزگاری پێشووی ویلایەتی ڤێرجینیا جیم گیڵمۆر بە بەدەستهێنانی لەسەدا ٠.١ی دەنگەكان ركابەرییەكانیان تەواو كردبوو.
یەكێك لەوانەی كە گەورەترین نا ئومێدی تووش هات بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە، بێن كارسن بوو. ناوبراو تاوەكو كۆتایییەكانی ساڵی رابردوو خاوەنی رێژەیەكی بەرچاو لە دەنگەكان بوو، كارسن لە ویلایەتی نیو هامپشایەر كە زۆرینەی سپی پێستە تووشی شكستێكی قورس هات.
لەدوای ئەم ئەنجامانەی نیو هامپشایەرەوە چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەك لەو كەسانەی خۆیان وەك كاندیدی پارتی كۆماری ناونووس كردووە، كۆتایی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیان بهێنن.
یەكەم بەشی هەڵبژاردنە سەرەتاییەكان لە یەكی شوباتدا لە ویلایەتی ئایۆوا ئەنجام درا بوو. لە كاتێكدا لەو ویلایەتە هەریەك لە هیلاری كلینتۆن و بێرنی ساندەرز لەنێو دیموكراتیەكاندا ئەنجامەكانیان زۆر نزیك بوو لەیەكترییەوە، كلینتۆن توانی بووی بە جیاوازی لە هەزاردا دووی دەنگەكان بەسەر ساندەرزدا سەركەوێت. یەكێك لەو كەسانەی دیكە كە خۆی وەك كاندیدی دیموكراتەكان ناونووس كردووە پارێزگاری ویلایەتی پێشووی ماریلاند مارتن ئۆماڵییە كە رایگەیاندبوو ''كۆڵی داوە''.
لەنێو كۆمارییەكانیشدا سیناتۆری ویلایەتی تەكساس تێد كروز لەسەدا ٢٨ی دەنگەكانی بەدەست هێنا و لە پلەی یەكەمدا جێگەی گرت. لەدوای ئەویشەوە هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ بە بەدەستهێنانی لەسەدا ٢٤ی دەنگەكان دووەم و روبیۆ بە لەسەدا ٢٣ دەنگەكان سێیەم بوو.
لەدوای هەڵبژاردنە سەرەتاییەكانی ویلایەتی ئایۆوای نێوان كۆمارییەكانەوە، سیناتۆری ویلایەتی كێنتاكی راند پاوڵ، پارێزگاری پێشووی ویلایەتی ئەركەنساس مایك هەكابیی و سیناتۆری پێشووی ویلایەتی پەنسیلڤانیا ریك سانتۆرەم لە كاندید بوون كشابوونەوە.
- هەڵبژاردنە سەرەتاییەكانی دواتر ٢٠ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت
بڕیارە هەڵبژاردنە سەرەتاییەكانی دواتر لە ئەمریكا رۆژی ٢٠ی شوبات ئەنجام بدرێت. پارتی دیموكراتەكان لە ٢٠ی شوباتدا لە نیڤادا و بەشێوازی ''كۆبوونەوەی پارتەكە'' و كۆماریخوازەكان لە ویلایەتی ساوس كارۆلاینا بەشێوەی ئاسایی، هەڵبژاردنە سەرەتاییەكانیان ئەنجام دەدەن.
جێگرەوەی باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا لە هەڵبژاردنەكانی هەشتی تشرینی دووەمدا دیاری دەكرێت، ئۆباما تا ئەو كاتەی سەرۆكی نوێ سوێند دەخوات لە ٢٠ی كانوونی دوومی ٢٠١٧دا لە ئەركەكەی بەردەوام دەبێت.