Zana Natık Kerem
23 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2019
عەممان ــ AA
بڕیارە لە رۆژانی ٢٥ و ٢٦ی ئەم مانگە کۆنگرەی ئاشتی لە پێناو گەشەپێدان لە شاری مەنامە پایتەختی بەحرێن بەڕێوەبچێت کە تیادا ئەمریکا بواری ئابووری لە پلانی ئاشتی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست رادەگەیەنێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن راگەیاند کە بەشداری لە کۆنگرەکەدا دەکەن.
لە راگەیەندراوێکدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، سوفیان قەزات ئاماژەی بەوە داوە، شاندی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی ئەمینداری گشتی وەزارەتی دارایی لە کۆنگرەکەدا بەشداری دەکات کە ئەوەش بەشداریکردنێکی رەمزییە و لە ئاستی نزم ھەژمار دەکرێت.
سوفیان قەزات جەختیکردووەتەوە کە کێشەی فەڵەستین تەنھا بە چارەسەریی دوودەوڵەتی یەکلایی دەبێتەوە و ھەر ئەوە تاکە رێگەیە بۆ بەدیھێنانی ئاسایش، سەقانگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بەو لایەنە ئابوورییەی کە ئەمریکا بەنیازە لە چوارچێوەی پلانی ئاشتیدا لە کۆنگرەکەدا رابگەیەنێت، سوفیان قەزات گوتی: "ئوردن لەگەل ئەو لایەنە ئابووری و سیاسیە مامەڵە دەکات کە لە چوارچێوەی پلانی ئاشتییدا لە کۆنگرەکەدا دەخرێتەڕوو، ھەروەھا بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی فەڵەستین".
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ھەریەک لە سعوودیە، میسر، بەحرێن و ئیمارات بەشداریکردنیان لە کۆنگرەکەدا راگەیاندووە، بەڵام ھەریەک لە عێراق، لوبنان و فەڵەستین رایانگەیاندووە کە بایکۆتی دەکەن و بەشداری ناکەن.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەکەدا، راوێژکاری کۆشکی سپی، جارید کۆشنەر لایەنی ئابووری لە چوارچێوەی پلانی ئاشتی ئەمریکا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بخاتەڕوو.