Gülşen Topçu
10 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2022
قودس - AA
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز رایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئەو ئاگربەستەی لەگەڵ بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی پێیگەیشتوون بەڵێنیان نەداوە بە ئازادکردنی بەسام سەعدی کە یەکێکە لە سەرکردەکانی جیهادی ئیسلامی و خەلیل عەواودە کە دەستبەسەرە و مانی لە خواردن گرتووە.
بێنی گانتز لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ١٢ی ئیسرائیل، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ میسردا لەو بارەیەوە لە گفتوگۆدان.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز راشیگەیاند کە دەستگیرکردنی بەسام سەعدی لە شوێنی خۆیدایە و گوتی:''بەڵێنمان نەداوە بە ئازادکردنی عەواودە و سەعدی، بەڵام بەدڵنیایییەوە دیالۆگ دەکرێت لەو بارەیەوە''.
بێنی گانتز لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، خۆی لە وەڵامی پرسیارێک دزییەوە سەبارەت بە ئازادکردن و نەکردنی عەواودە و سەعدی.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز گوتیشی: ''باس لەو کارانە ناکەم کە ئەنجامیان دەدەین. جگە لە پەیوەندی لەگەڵ میسرییەکاندا هیچ بەرپرسیارێتییەکی دیکەمان نییە و ئەوەیش دەکەین''.
بێنی گانتز سەبارەت بە بابەتی دیل گۆڕینەوە لەگەڵ حەماس، بۆ دەزگای پەخشی گشتیی وڵاتەکەی KAN دوا و باسی لەوە کرد کە گەشەسەندنی کەرتی غەززە پەیوەستە بە گەڕانەوەی دیلەکان بۆ وڵاتەکەیان.
لیواکانی عیزەددین قەسسام باڵی سەربازیی حەماس، بڵاوی کردبووەوە کە لە میانی هێرشێکیاندا بۆسەر ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٤دا، چوار ئیسرائیلیان بە دیل گرتووە کە دووانیان سەربازن.