Enes Canlı
07 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2022
قودس - AA
راگەیەندرا کە ئەمشەو کاتژمێر ٢٣:٣٠ خولەک (بە کاتی ناوخۆی کوردستان) ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و جیھادی ئیسلامی لە کەرتی غەززە دەستپێدەکات.
گوتەبێژی جیھادی ئیسلامی ، داود شیھاب لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، "بە نێوەندگیری میسر رێککەوتن کراوە لەسەر بەستنی ئاگربەست کە ئەمشەو کاتژمێر ٢٣:٣٠ خولەک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
داود شیھاب ئاشکراشی کرد کە لە دوای ئەوەی میسر بەڵێنی داوە کار لەسەر پرسی مانگرتنی نان نەخورادنی خەلیل ئاڤاڤدی لە بەندیخانەکانی ئیسرائیل و ئازادکردنی بەسام سەعدی کە یەکێکە لە بەرپرسەکانی جیھادی ئیسلامی،رێککەوتن لەسەر ئاگربەستەکە کراوە.
لەلایەکی دیکەش، بەپرسێکی باڵای حکوومەتی ئیسرائیلی لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی سوپای ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاگربەستەکە ئەمشەو کاتژمێر ٢٣:٣٠ بە کاتی تەلئەبیب دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بەمەبەستی کردنە ئامانجی جیھادی ئیسلامی لە پێنجی ئابەوە بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە.