Ahmet Dursun
19 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2021
ئەنقەرە - AA
ئێران، بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەپاندنی سزا دەکات.
لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوەتەوە و تیایدا خۆشحاڵی حکوومەتی تارانی بەرامبەر دووبارە نەسەپاندنەوەی سزا بەسەر وڵاتەکەیدا خستوەتەڕوو.
زەریف، داوای لە واشنتۆن کردوە پابەندبێت بە بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە پشتیوانی کردن لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران و نووسیویەتی: "ئەمریکا، پێویستە بەبێ هیچ مەرجێک تەواوی ئەو سزایانە لاببات کە دۆناڵد ترەمپ سەپاندبوونی بەسەر ئێران-دا. دوای ئەم هەنگاوە ئێمەش دەستبەرداری ئەو رێوشوێنانەمان دەبین کە دژ بە سزاکان گرتبووماننە بەر".
پێشتر لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٠دا سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە پاساوی پێشێل کردنی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە لەلایەن ئێران-ەوە دووبارە سەپاندنەوەی تەواوی ئەو یاسایانەی راگەیاند کە پێشتر لە رێی یاسای ٢٢٣١ لەسەر ئێران هەڵگیرابوون.
وێڕای ناڕەزایی ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بەرامبەر ئەم بڕیارەی ئەمریکا، لە ١٩ی ئەیلوولدا دووبارە سزاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بەسەر ئێران-دا سەپێندرانەوە.
دواتر نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد و تیایدا هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سەپاندنەوەی سزاکانی راگەیاند.