Muhammet Kurşun
14 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2021
تاران - AA
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، عەلی باقری بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا "بەشێک لە لایەنەکان" لەبری "دیپلۆماسییەت درێژەیان بە خووی تۆمەتبارکردن داوە".
عەلی باقری لەبارەی دانوستانەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کە لەئێستادا لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچێت، راگەیەندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکردەوە و تیایدا رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە ئێران بەخێرایی پێشنیازەکانی خۆی خستووەتەڕوو و نووسیویشیەتی "بەشێک لە لایەنەکان سوورن لەسەر ئەوەی خووی تۆمەتبارکردن لە بری دیپلۆماسییەت بەکاربهێنن. هەوڵماندا بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بنیاتنەرانە و نەرمونیانانە ناکۆکییەکان کەم بکەینەوە. لە راستیدا دیپلۆماسییەت شەقامێکی دوو ئاراستەیە. ئەگەر ئەو لایەنانەی کەموکوڕییان هەبووە، هەست بە هەڵەی خۆیان بکەن ئەوا رێگای رێککەوتننامەیەکی باش بەخێرایی دەکرێتەوە".
دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، دوای پێنج مانگ لە هەڵپەساردنی لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، دەستی پێ کردەوە.
دانوستانەکان لەلایەن بەڕێوبەری سیاسیی و یاریدەدەری سکرتێری گشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ئێنڕیکی مۆرا بەڕێوەدەچێت و تیایدا نوێنەرانی هەریەکە لە رووسیا، چین، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئێران بەشدارن.