Islam Doğru
09 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2020
نيويۆرک - AA
لە ئەمريكا، لە ماوەى ٢٤ كاتژمێردا رابردوودا دوو هەزار و ٦٣١ توشبووى كۆرۆنا گيانيان لەدەستداوە و بەم شێوەيە كۆى گشتى ژمارەی ئەو کەسانەی كە دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان لەدەستداوە گەیشتووهتە ٢٩٣ ھەزار و ٥١١ کەس.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "Worldometer" کە پشت بە ئامارە نوێکراوەکانی پەتاکە دەبەستێت لە جیھاندا، لە ئەمریکا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بە زیادبوونی ٢١٧ ھەزار و ٤٢٦ کەس، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون گەیشتووهتە ١٥ ملیۆن ٥٩٥ ھەزار و ٢٤٠ کەس.
ههروهها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بە زیادبوونی دوو هەزار و ٦٣١ کەسی دیکە، ژمارەی ئەوانەی کە لە ئەمریکا دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیانیان لەدەستداوە گەیشتووهته ٢٩٣ ھەزار و ٥١١ کەس.
ھاوکات هەشت ملیۆن و ٨٨ ھەزار کەس لە ڤایرۆسی كۆرۆنا چاکبوونەتەوە و ژمارەى ئەو پشکنینانەى کە ئەنجامدراون ٢١١ مليۆن و ١٩٨ى تێپەڕاندووه.
لهسهر ئاستی ناوخۆی ئهمریكاش، ویلایەتی كاليفۆرنيا بە زياتر لە يەك مليۆن و ٤٢٢ هەزار حاڵهت لە پلەى يەكەمدايە، لهدوای ئهویش به نزيكەى يەك مليۆن و ٣٨١ ههزار حاڵهت تێكساس و فلۆريدا بە زياتر لە يەك مليۆن و ٧٣ هەزار حاڵەت دێن.
لەرووى ژمارهی حاڵەتەكانى گيانلەدەستدانیشهوه، ويلايەتى نيويۆرک بە ٣٥ هەزار و ١٨٨ حاڵەت لە ریزبهندی یهكهمی سهرجهم ويلايەتەكاندایه، هاوكات حاڵەتەكانى تووشبوون لە ويلايەتەكەدا بە ٧٦١ هەزار لە دواى ويلايەتى ئيڵینۆی لە پلەى پێنجەمدايە.
ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان پلەی یەکەمی گرتووە لە تۆمارکردنی بەرزترین ژمارەی توشبووانی پەتاکە، پاش ئەویش هيندستان دێت بە زياتر لە نۆ ملیۆن و ٧٤٢ هەزار توشبوو، پاشان بەڕازيل كە زياتر شەش ملیۆن و ٦٧٥ هەزار حاڵەتی توشبوون بە پەتاکەى تێدا تۆمارکراوە.