Rewa Mahmut Hasan
21 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2017
ئیستانبوڵ - AA
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئەمریکا کە لەسەر زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە بڵاویان کردۆتەوە، بەرپرسانی ئیداری ئەمریکا بەنیازن بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی وەک (لاپتۆپ، تابلێت، دی ڤی دی پلەیەر) لە گەشتیارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا قەدەغە بکەن و ناچاریان دەکەن سەرجەم ئەو ئامێرانەیان لەناو جانتاکانیاندا هەڵگرن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تائێستا وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا هیچ روونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاو نەکردۆتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرجەم کۆمپانیا گەشتیاریەکانی فڕۆکەوانی ئاگادار کردۆتەوە لەو بارەیەوە.
لای خۆیەوە هێڵی جۆردەنیان رۆیالی ئوردنی لە تویتەر، بڵاوی کردۆتەوە کە لە گەشتەکاندا بۆ ئەمریکای باکوور، بەکارهێنانی زۆربەی ئامێری ئەلیکترۆنی قەدەغە دەکرێت.
هاوکات هێڵی ئاسمانی تورکیش ئێرلاین راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە دەربارەی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی لەناو ئەو فڕۆکانەی گەشت بەرەو ئەمریکا دەکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە لەناو پرۆسیجەری هەڵگرتنی ئامێری ئەلیکترۆنیدا لەناو فڕۆکە، هیچ گۆڕانکاریەک رووینەداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە میدیای ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کردبوو، هەڵگرتنی ئامێری ئەلیکترۆنی لەناو کابینەی فڕۆکەدا لە گەشتیارانی ١٠ وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا قەدەغە دەکرێت لە کاتی گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا، کە خۆی لە تابلێت و لاپتۆپ و دی ڤی دی پلەیەردا دەبینێتەوە.
ئەوەیش لەکاتێکدایە کە ئاماژە بەوە دەکرێت رۆژی سێشەممە بڕیارەکە دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.